ئیلهام ئەحمەد: لەبارەی خوێندنی کوردی گفتوگۆ لەگەڵ سووریا دەکەین
ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، بە سووریایان گوتووە، پێویستە منداڵانی کورد بە زمانی دایکیان بخوێنن و ئاماژەی بەوەشکرد، مافەکانی کورد لە دەستوور و پێگەی شەڕڤانانى ژن لە لیواکان گرەنتی دەکرێن.
هۆشدارى لە دووبەرەکى ناوخۆیی
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەر، لەمیانەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەبارەى دوواین پێشهاتەکانی سووریا گوتی، پێویستە هەمووان بەئاگابن، چونکە هەندێک کەس دەیانەوێت دووبەرەکی ناوخۆیی بنێنەوە، بەتایبەت لە نێوان خەڵکی ناوچەکە.
پێشێل کردنى مافەکانى کورد
ئیلهام ئەحمەد، بڕیارەکانی حکومەتی سووریای لەبارەی کورد بە ئەرێنی و بێپێشینە ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هاوشێوەی ڕابردوو، تاوەکو ئێستاش هەوڵ دەدرێت کورد لە مافەکانی پێشێل بکرێت و لە ناسنامەی خۆی بێبەش بکرێت.
خوێندن بە زمانى کوردى
هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە پرسی خوێندن بە زمانی کوردی کرد و گوتی، بە حکومەتی سووریایان گوتووە، ناکرێت منداڵانی کورد بگەڕێنەوە بۆ خویندنی عەرەبی.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی سووریا چەند کۆبوونەوەیەک دەکەن و چارەسەری بابەتی خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن.
مافەکانى کورد لە دەستووردا
ئیلهام ئەحمەد، باسی لە جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا کرد و گوتی، تاوەکو ئێستا لیژنە بۆ نووسینەوەی دەستوور پێکنەهێنراوە، بەڵام لە داهاتوودا ئەو لیژنەیە پێکدەهێنرێت.
شەڕڤانانى ژن
لەبارەى داهاتوی شەڕڤانانی ژنیش ئیلهام ئەحمەد گوتی، لیوای تایبەت بە حەسەکە و کۆبانی دروستدەکرێت و تیایدا گرەنتی بوونی شەڕڤانانی ژن دەکرێت.
07/02/2026