
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکە دەڵێت، کشانەوەی هەسەدە لە ڕەققە کارێکی دروست بووە و دەشڵێت، سەرەڕای ڕەخنەکان، بەرگری لە برایەتیی گەلان دەکەن.
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کۆما جڤاکین کوردستان "کەجەکە" لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ میدیای پەکەکە گوتی، ستراتیجی زۆر دروست و پێویست بۆ کورد، گەڕانە بەدوای چارەسەری کێشەکان بە ڕێگەی دیموکراتیزەکردن، نەک شەڕ و پێکدادان.
بایک ئاماژەی بەوەشکرد، "بوونی کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی ئەو وڵاتانەوە گرەنتی دەکرێن و هەر کام لەو وڵاتانە نادیموکراسی بن، مەترسین بۆ سەر کورد."
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبردنی کەجەکە بەرگریی لە کشانەوەی هەسەدە لە ڕەققە، تەبقە و ناوچەکانی دیکە کرد و گوتی، ئەو هەنگاوە هەڵە نەبووە و هەوڵێک بوون بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لەنێوان کورد و عەرەب.
بایک وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە ڕەخنە لە "برایەتیی گەلان" دەگرن و گوتی، سەدان عەرەب لە ڕیزەکانی هەسەدەدا گیانیان لەدەستداوە و لە کاتی کشانەوەی هەسەدەش لە گوندە عەرەب نشینەکان، ڕووبەڕووی هێرش نەبوونەتەوە. گوتیشی، بەردەوام دەبن لەسەر ڕێگەی "برایەتیی گەلان" و سوکایەتیکردن بە تورک و عەرەب بە "بێمانا" دەزانن.
بایک باسی لەوە کردووە، ناتوانرێت وا بکرێت دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای کوردستان دژایەتیی ئۆجەلان بکەن، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەواوی پەیوەستە بە ئۆجەلانەوە و قسەکانی بە هەند وەردەگرن.
سەبارەت بە پەیوەندیی ئەمریکا و ڕۆژئاوای کورستان بایک گوتی، ئەمریکا هاوپەیمانی و پەیوەندییەکی ستراتیجی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان نەبوو، تاوەکو کۆتاییهێنان بەو پەیوەندییە بە "ناپاکی" ناوببرێت، بەڵام پشتیوانیی گەورەی ئەمریکا لە دەستەی تەحریری شام، لە ڕووی بەها مرۆییەکان و ئەخلاقی سیاسییەوە، سیاسەتێکی چەپەڵە.
بایک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و لەبری هێزە دیموکراسییەکانیش، کار لەگەڵ ئەو هێزانە دەکات کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان دەکات.