
بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی ڕایگەیاند، هیچ نووسراوێکی فەرمییان پێنەگەیشتووە بۆ بڕینی بەشەخۆراکی هەر کەسێک کە مووچەکەی سەروو ملیۆن دینار بێت، وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش ڕەتیدەکاتەوە هەرکەس مووچەکەی سەروو ملیۆنێک دینار بێت بەشەخۆراکی مانگانەکەی بڕابێت.
ئاراس حەمەئەمین، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراکی سلێمانی، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان پێنەگەیشتووە بڕیاربدات بە بڕینی بەشەخۆراکی هەر کەسێک کە مووچەکەی سەروو ملیۆن بێت یاخود بازرگان و خاوەن کۆمپانیا بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی دەوترێت تەنیا دەنگۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا باسی لەوەکردووە، ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین کە دەگوترێت حکومەت بەشەخۆراکی ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەرانەی مووچەی مانگانەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە بڕیوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سیستمی بەشەخۆراک بەگوێرەی ڕێکارە بەرکارەکانی وەزارەت بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵی ڕابردوو، ئەسیر داود، وەزیری بازرگانیی عێراق پێشنیازێكی ئاشكرا كرد، بۆ ڕاگرتنی بەشەخۆراكی ئەو فەرمانبەرانەی كە موچەكانیان لە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار زیاترە، بەڵام هێشتا ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی نەكردووە.
