ڕامی عەبدولڕەحمان: کەناڵ8 ڕۆڵی ژیرانەی لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گێڕا
ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی هەواڵەکانی کەناڵ8 گوتی، کەناڵ8 ڕۆڵی ژیرانەی لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گێڕا و توانیی بڕینی کەزی کچە شەڕڤانەکە بکەنە پرسێکی نیشتمانی.
کەناڵ8 ڕۆڵێکی ژیرانەی گێڕا
بەڕێوەبەری ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لە بەرامبەر ڕووماڵی ڕووداو و گرژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گوتی: کەناڵ8 ڕۆڵێکی ژیرانەی گێڕا لە هاوکاریکرنی گەلی کوردستان بەتایبەتی لەپاش جوڵاندنی پرسی بڕینی کەزیی کچە شەڕڤانێک لەلایەن تیرۆرستێکەوە و دواتر گەیاندنی بە ڕای گشتی.
کارەساتی گەورە ڕوویدەدا
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری هەر لە بوڵتەنی کەناڵ8ـدا باسی لەوەشکرد، بەبێ میدیای کوردی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوا کارەساتی گەورەمان بەرامبەر کورد دەبینی.
کورد لە سووریا تەنیا نییە
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری گوتیشی، ناردنی هاوکاری لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژئاوا گەیاندنی ئەو پەیامەیە، کورد لە سووریا بە تەنیا نییە.
"ئەوەی کەناڵ8 کردی هەنگاوێکی مرۆییانەیە لەڕێگەی گەیاندنی هاوکارییەکاندا"
ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ زیاتر گوتەکانی ڕوونکردەوە و گوتی، "میدیای کوردیی بەتایبەتی کەناڵ8 ڕۆڵێکی ژیرانەی گێڕا لە هاوکاریکردنی گەلی کوردستان، بەتایبەتی کاتێک ئەو تیرۆرستەمان بینی کە کەزیی کچە شەڕڤانە کوردەکەی بڕی، بینیمان کەناڵەکاتان چۆن پرسەکەی جوڵاند و دواتریش کەناڵ و میدیای دیکە کردیانە ڕۆژەڤ و پرسەکە بووە ڕای گشتی، هەروەها هاوکارییەکان زۆر بەسوودە بەتایبەتی بۆ کەسانی پێویست لەگەڵ گەیاندنی ئەو پەیامەی گەلی کورد لە سووریا بەتەنیا نییە و میدیاش چەکێکە هیچ جیاوازی نییە لە چەکی گەیاندنی هاوکارییەکان، چونکە میدیا عەرەبییەکان غەدریان لە گەلی کورد کرد، لەم شەڕەدا بە ڕێنمایی لە دەرەوە شێوازی کارکردنیان بەرامبەر کورد گۆڕی و پاڵپشتییان لە ئەحمەد شەرع کرد، هەربۆیە ئەوەی کەناڵ8 کردی هەنگاوێکی مرۆییانەیە لەڕێگەی گەیاندنی هاوکارییەکان هەروەها ڕووماڵە میدیاییەکەی هەڵوێستێکی مرۆییە و هەڵوێستەیەکی زۆر جوانە بۆ گەلی کورد لە سووریا بە ئامانجی گەیاندنی ئەو پەیامەی کورد بەتەنیا نییە".
12/02/2026