ئەمریکا دووەم کەشتى فڕۆکەهەڵگر ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات
چەند بەرپرسێکى ئیدارەى ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، دووەم کەشتى فڕۆکەهەڵگرى ئەمریکا لە دەریاى کاریبییەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت و دەچێتە پاڵ کەشتى فڕۆکەهەڵگرى ئەبراهام لینکن لە دەریاى عەرەب، ئەوەش دواى مۆڵەتە یەک مانگییەکەى ترەمپ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دێت.
کەشتیى فڕۆکەهەڵگرى یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد
ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز، لە زارى چوار بەرپرس لە ئیدارەى کۆشکى سپییەوە، ئاشکرایکردووە، کەشتیى فڕۆکەهەڵگرى ( یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد) بە یاوەرى چەند کەشتییە، کە پێشتر لە دەریاى کاریبى جێگیرکراون، بەرەو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت و پێناچێت تاوەکو مانگى ئایارى داهاتوو بگەڕێتەوە. بەگوتەى بەرپرسەکان، تیمى کەشتییەکە ئێوارەى پێنجشەممە بڕیارى چوونیان بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێڕاگەیێنراوە.
سیاسەتی فشارەکانی ترەمپ
ناردنى دووەم کەشتى فڕۆکەهەڵگر بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە چوارچێوەى سیاسەتى فشارەکانى ترەمپدایە بۆ سەر ئێران، ئێوارەى پێنجشەممەش بە هەمانشێوە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بە ناردنى دووەم کەشتى فڕۆکەهەڵگر بۆ دەریاى ناوەڕاست کرد، بەڵام ناوەکەى ئاشکرا نەکرد.
زیانی زۆر ئازاربەخش بۆ ئێران
ترەمپ لەوبارەیەوە باسی ئەوەیکردووە "دەمانەوێت لە ماوەى مانگێکدا لەگەڵ ئێران بگەینە ڕێککەوتن، ئەگەر نا کارەکە زۆر ئازاربەخش دەبێت و نایانەوێت ئەوە ڕووبدات".
13/02/2026