وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: عێراق بە بڕی 40.8 ملیار دۆلار قەواڵەی گەنجینەی ئەمریکای کڕیووە

باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، فۆتۆ: AP
باڵەخانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، فۆتۆ: AP

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، عێراق تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2025 بە بڕی 40 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار قەواڵەی گەنجینەی ئەمریکای کڕیووە. تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، عێراق بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار قەواڵەی نوێی کڕیووە، بەمەش کۆی خاوەندارێتی عێراق بە ڕێژەی 74% زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی پێشووتر کە بڕەکەی 23.4 ملیار دۆلار بووە.

ڕیزبەندی وڵاتانی عەرەبی لە کڕینی قەواڵەکان

عێراق لە ڕیزبەندی 4ـەمی وڵاتانی عەرەبیدا هاتووە بۆ ساڵی 2025 لە ڕووی خاوەندارێتی قەواڵەی گەنجینەی ئەمریکی. لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، سعودییە بە 150 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەم، ئیمارات بە 101 ملیار دۆلار لە پلەی دووەم و کوێت بە 50.3 ملیار دۆلار لە پلەی سێیەمدا دێت.

پێشەنگی وڵاتانی جیهان لە خاوەندارێتی قەواڵەکان

لەسەر ئاستی جیهان، وڵاتی ژاپۆن پلەی یەکەمی گرتووە و خاوەنی 1 تریلیۆن و 202 ملیار دۆلار قەواڵەی ئەمریکییە. بەریتانیا بە بڕی 888 ملیار دۆلار لە ڕیزبەندی دووەم، چین بە 682 ملیار دۆلار لە ڕیزبەندی سێیەم و بەلجیکا بە 481 ملیار دۆلار لە ڕیزبەندی چوارەمدا دێن.

گەشەی کۆی خاوەندارێتی وڵاتان لە ئەمریکا

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆی خاوەندارێتی وڵاتانی جیهان بۆ قەواڵەکانی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 دا گەیشتووەتە 9 تریلیۆن و 355 ملیار دۆلار. ئەم بڕە بەراورد بە کۆتایی ساڵی 2024 کە 8 تریلیۆن و 619 ملیار دۆلار بووە، بە بڕی 736 ملیار دۆلار زیادی کردووە.

دۆخی دارایی و سوودوەرگرتن لە قەواڵەکان

عێراق لە کاتێکدا خاوەنی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار قەواڵەی گەنجینەیە لە ئەمریکا، کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانی نەختینەیی و کێشەی دارایی بووەتەوە. ئەم قەواڵانە هاوشێوەی داهاتی نەوت و یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی، وەک سەرمایەی وڵات لە ئەمریکا هەڵگیراون.

یاد نەوزاد

Tue Feb 17 2026

Loading related news...