
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆدا پەباندییەکی نێودەوڵەتییە و هەنگاوێکی چاکسازییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.
باسم عەوادی گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕاشیگەیاندووە، سیستمەکە ئێستا لە 102 وڵاتی جیهان کاری پێدەکرێت و دەشڵێت، سیستمەکە ناوخۆیی نییە بەڵکو پابەندییەکی نێودەوڵەتییە لە چوارچێوەی پابەندییەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی دراو و سپیکردنەوەی پارە، هەروەها ئامانج لە پەیڕەوکردنی بەدیهێنانی دادپەروەرییە لە ڕکابەری بازرگانی.
لەسەرەتای پەیڕەوکردنی سیستمەکە ژمارەیەکی زۆر کاڵا و کۆنتێنەر لەبەندەکان کەڵەکەبوون و ئەوەش وایکرد بارەکان درەنگتر بگات بە بازاڕەکان ، بەڵام حکومەت چەند بڕیارێکی ڕاستەوخۆی دا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەڵەکەبوونە لەوانە لێخۆش بوون لە پشکی حکومەت لە ڕەسمی هەڵگرتنی شمەک و کاڵا لە گەنجینەی بەندەرەکاندا، هەروەها بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی کۆگاکردنی شمەک و کاڵای بە ڕێژەی 50% لە پشکی وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت دەرکرد.
باسم عەوادی گوتیشی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە ئاسانکردنی دەرهێنانی کاڵاکان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ هاوردەکاران و بازرگانان، بەوپێیەی حکومەت وەک بەشێکی سەرەکی لە ئابووری و کەرتی دارایی، لە کەرتی تایبەت دەڕوانێت.