جیاوازیى پێناسى گومرگیى هەولێر و بەغداد لەمپەرە بۆ سیستمى ئەسیکۆدا
حکومەتی عێراق لە سەرەتاى ئەمساڵەوە سیستمى ئەسیکۆداى بۆ باجى گومرگى لە دەروازە سنوورییەکان جێبەجێکردووە و ئەم هەنگاوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی قاچاخیی دراو و دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا دروست کردووە، هاوکات وادەى تەنیا 90 ڕۆژ دیاریکراوە بۆ هەرێمى کوردستان کە ڕێکارەکان تەواو بکات و دەروازە فەرمییەکانى باجى نوێى گومرگى وەربگرن.
سنووردارکردنی قاچاخیی دۆلار
ئەم ڕێکارانە بوونەتە هۆی سنووردارکردنى قاچاخى دۆلار و بەشێک لە بازرگانان گلەیى و تێبینییان لە دەستڕاگەیشتن بە پلاتفۆرمەکانی وەرگرتنى دۆلار بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندیی عێراق هەیە.
نرخی فەرمیی دۆلار بۆ بازرگانان
بازرگانان پێویستە سەرجەم بەڵگە فەرمییەکان ڕادەستى بانکى ناوەندى بکەن بۆ هاوردەکردنى کاڵا تاوەکو بە نرخى فەرمى دۆلاریان پێ بدرێت، کە بۆ هەر دۆلارێک هەزار و 320 دینارە، واتە بۆ هەر سەد دۆلارێک 132 هەزار دینارە، کە باجى گومرگى پێشوەختە و پێش هاوردەکردنى کاڵاکان بۆ ناوخۆى عێراق لێیان وەردەگیرێت، ئەوەش بەشێک لە بازرگانان بەتایبەت بازرگانانى هەرێمى کوردستان دەچن دۆلار لە بازاڕى ڕەش دەکڕنەوە، چونکە ناوتۆمارکردنیان لەو سیستمەدا کاتى زۆرى دەوێت و رۆتیناتى خۆى هەیە.
100 بازرگان خۆیان بەغداد تۆمارکردووە
سیروان محەمەد، بازرگانى هاوردەکردنى خۆراک و سەرۆکى پێشووى ژوورى بازرگانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند" زیاتر لە 100 بازرگان لە بەغداد ناوى خۆیان تۆمار کردووە و بە سیستمى ئەسیکۆدا و باجى گومرگیى نوێ کاڵا هاوردەى عێراق دەکەن".
600 هەزار کۆنتێنەر لە ئوم قەسر
دەربارەى ئەوەى نزیکەى 600 هەزار کۆنتێنەر لە کاڵا و خۆراک و پێداویستى لە دەروازەى ئوم قەسر ڕاگیراون، گوتى "زیاتر لە 90% ـی بارە خۆراک لە ئومقەسر نەماوە و گرفتەکانیان چارەسەر کراوە، کە یەکێک لە گرفتەکان پێبژاردنى کۆمپانیا و بازرگانەکان بوو کە ماوەیەکى زۆرە کۆنتێرەکانیان لەوێن و مامەڵەکانیان تەواو نەکردبوو، ئەوانە لێخۆشبوونیان بۆ کرا، بەڵام ئەوانەى ماونەتەوە ئامێرى کارەبایى و مەوادى گواستنەوە و کاڵاى بیناسازین".
ئەستۆپاکیی تەواوەتی پێویستە
سیروان محەمەد، باسى لەوەشکرد، ڕێکارەکانى ناو تۆمارکردنى کۆمپانیا لە بەغداد کاتى دەوێت و دەبێت باج بدات بە بەغداد و ئەستۆپاکى تەواو بکات، پاشان لە یەکێک لە بانکەکان لە بەغداد هەژمارى بانکى بکاتەوە و دواى ئەوە داواى ناوتۆمارکردن بکات لە بانکى ناوەندى و سەرجەم بەڵگەنامەکانى تەواو بکات کە داواکراوە".
بانکی ناوەندی دۆلاریان پێدەدات
ئەو بازرگانە ڕوونکردنەوەى زیاتریدا و گوتى، "دواى ئەوە داواکارى بۆ هاوردەکردنى جۆرێک کاڵا دەکەیت و بەهاکەى دیارى دەکەیت لەگەڵ ناوى ئەو وڵات و کۆمپانیا و کارگەیەى کاڵاکەى لێ هاوردە دەکەیت دیارى دەکەیت، پاشان بانکى ناوەندى عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دۆلارت پێدەدات بە نرخى فەرمى کە بۆ هەر سەد دۆلارێک 132 هەزار دینارە".
تۆمارکردنی کۆمپانیاکان
سیروان محەمەد، جەختى لەوەشکردەوە، پێویستە سەرجەم کۆمپانیا و بازرگانەکان ناویان لە بەغداد تۆمار بکەن و هەژمارى بانکى بکەنەوە و پاشان خۆیان لە بانکى ناوەندى وەک کۆمپانیا و بازرگان تۆمار بکەن، تاوەکو دۆلار بە نرخى فەرمى وەربگرن.
باجی گومرگیی خۆراک چەند زیادیکردووە؟
ئەو بازرگانە جەختى لەوەشکردەوە، باجى گومرگى بۆ خۆراک پێشتر 1% بووە و ئێستا 5%ە ڕاستە وەک بازرگان نرخى خۆراک زیاد دەکات، هەروەها بۆ چاو قاوە باجى گومرگى 1% بووە و ئێستا بووەتە 10%، ئەمە نرخەکانیان زیاد دەکات، لایەنێکى ئەرێنى هەیە کە ئیدی بازرگانان و سەرمایەداران بیر لەوە دەکەنەوە لەناوخۆى عێراق کارگە دروست بکەن و هاوردەکردنى خۆراک و سەرجەم پێداویستییەکانى دیکە کەمببێتەوە.
هەولێر و بەغداد ڕێککەوتنیان نەکردووە
بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغداد بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستمە و باجی گومرگیی نوێ نەکراوە و کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا لەسەر ئەم پرسە دواخراوە.
80% جیاوازی هەیە
لە ئێستادا دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان سیستمێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە خۆیان هەیە و بۆ جێبەجێکردنى ئەو سیستمە پێویستە پێناسى گومرگى یەک بخرێت کە 80% جیاوازییمان هەیە لە 14 هەزار پێناسى گومرگیدا.
دەرفەتی 90 ڕۆژە
ئەو بەرپرسە باسی ئەوەشیکرد، "یەکێک لە بڕیارەکانى بەغداد ئەوەیە کە لەماوەى 90 ڕۆژدا سیستمى ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، بەڵام لەنوسراوەکەدا کاتى دەستپێکردن و کۆتایى ئەو 90 رۆژە دیارینەکراوە".
ناڕەزایەتیی بارزگانەکانی عێراق
هاوکات، جەختى لەوەشکردەوە، سیستمى ئەسیکۆدا لە عێراق ناڕەزایەتیى بازرگانەکانى عێراقى لێکەوتووەتەوە و گرفتى دروستکردووە و نرخى کاڵاکانى زیادکردووە.
دەروازەکانی هەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان خاوەنی شەش دەروازەی فەرمیی وشکانی و ئاسمانییە (فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، ئیبراهیم خەلیل، پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئۆمەران)، جگە لە چەند دەروازەیەکی دیکەی بازرگانی وەک سەیرانبەن، کێلێ، شوشمێ، پێشخابوور و سەرزێڕ کە لەژێر سەرپەرشتیی پارێزگاکاندان.
کێ ئەسیکۆدا چاودێریی دەکات؟
سیستمی ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) سیستمێکی نێودەوڵەتییە و لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستمە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی پڕۆسەی پارەدان و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە بانکی ناوەندییەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و شەفافییەت لە کەرتی گومرگدا دەبینرێت.
لە هەرێمی جێبەجێی ناکرێت
حکومەتی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 957ـی ساڵی 2025، کە تایبەتە بە پەسەندکردنی پێناسی نوێ بۆ کاڵا و شمەکەکان، ئەم بڕیارە سەپاندنی باجی گومرگیی نوێ لەسەر هاوردەکاران دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتن، هێشتا ئەم پێناس و باجە نوێیە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
14 هەزار جۆر شمەک و کاڵا دەگرێتەوە
سیستمی نوێی "ئەسیکۆدا" نزیکەی 14 هەزار جۆر شمەک و کاڵا دەگرێتەوە کە پێناسی گومرگییان بۆ کراوە، لەم سیستمەدا مامەڵەکردن لەگەڵ کاڵاکان بەگوێرەی کێش (کیلۆگرام)، ڕووبەر (مەتر دووجا) یان قەبارە (لیتر و تۆن) دەبێت و بڕی باجەکان بەگوێرەی جۆری کاڵاکە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.
بەگوێرەی سیستمی نوێ، بڕی باجی گومرگی بۆ بەشێک لە کاڵاکان بەم شێوەیەیە:
خۆراک و بەرهەمە شیرەمەنییەکان:
ئاژەڵی زیندوو 10%، گۆشتی بەستوو و قیمە 30%، هێلکە 30%، ماست و شیرەمەنی 5%، دانەوێڵە 5%، هەموو جۆرەکانی ئارد 30%.
خواردنەوە و توتن:
خواردنەوە کهولییەکان 30%، توتن و جگەرە 30%.
پیشەسازی و گواستنەوە:
ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل 15%، ئامێری کشتوکاڵی و پیشەسازی 5%.
هاوکات، کەلوپەلی ناوماڵ و پۆشاک: جلوبەرگ، پێڵاو، فەرش و قوماش 15% و کەلوپەلی دیکە: عەتر 10%، یاری منداڵان 15%، کتێب و پەڕاوگە 5%.
19/02/2026