ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: مافی هیوا تایبەت نییە بە کەسێکی دیارییکراو
لەم قۆناغەی پرۆسەی ئاشتەوایی لە تورکیا، بڕیارە 30 ئەشکەوت لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکووری کوردستان تاوەکو قەندیل کە پەکەکە تێیاندا نیشتەجێیە، چۆڵبکرێن. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لیژنەیەکی تایبەت بۆ چاودێریکردنی ئەم پرۆسەیە پێکدەهێنێت و بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، تاوەکو ئێستا 7 ئەشکەوت لەو ژمارەیە چۆڵکراون. ئەم هەنگاوە وەک سەرەتایەک بۆ دەرکردنی یاسایەکی نوێ لەبارەی پرۆسەکە هەژمار دەکرێت.
دەرکردنی یاسای چوارچێوە بۆ ئەندامانی پەکەکە
دوای دڵنیابوونەوە لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، یاسایەکی "چوارچێوە" دەردەکرێت کە یاسایەکی سەربەخۆ و کاتی دەبێت. ئەم یاسایە ئامانج، میکانیزمەکانی چاودێری و پشتڕاستکردنەوە پێناسە دەکات. لە نێو یاساکەدا بڕگەیەکی تایبەت تەرخان دەکرێت بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بەپێی یاساکانی تورکیا تێوەگلانیان لە تاواندا نییە، تاوەکو بتوانن لە پرۆسەی یاسایی سوودمەند بن.
هەموارکردنەوەی یاساکان و پرسی ئازادکردنی بەمەرج
لە قۆناغی کۆتایی پرۆسەکەدا، یاساکانی جێبەجێکردنی سزا، سزادانی تورکی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەموار دەکرێنەوە. یاساناسانی ئاکپارتی باس لەوە دەکەن کە هەوڵدەدرێت سزای ئەو حوکمدراوانەی کاردانەوەی گەورەی کۆمەڵایەتییان نییە، بۆ نیوە کەمبکرێتەوە. ئەمە وەک لێبوردنی گشتی تەماشا ناکرێت، بەڵکو ئەو کەسانەی نیوەی سزاکەیان لە زیندان تەواو کردووە، دوای ڕاپۆرتی لیژنەی چاودێری و بڕیاری دادوەر، دەتوانن پاشماوەی سزاکەیان لە دەرەوەی زیندان و لەژێر چاودێریدا تەواو بکەن.
ڕوونکردنەوەی مافی هیوا و دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەرپرسانی پارتەکەی ڕاسپاردووە بە ڕوونی بۆ جەماوەر ڕوونبکەنەوە کە "مافی هیوا" تایبەت نییە بە کەسێکی دیاریکراو. بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان و حوکمدراوانی هاوشێوەی ئەو لەم مافە سوودمەند بن، پێویستە بڕگەی 16 لە ماددەی 107ـی یاسای سزادانی تورکی هەڵبووەشێنرێتەوە. سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردووەتەوە کە نابێت پرسی مافی هیوا تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان نیشان بدرێت.
22/02/2026