ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا شەهید بوو

کەناڵ8 01/03/2026
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە فەرمی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە؛ بەو هۆیەوە 40 ڕۆژ پرسەی گشتی و 7 ڕۆژ پشووی فەرمی لە سەرتاسەری ئێران ڕاگەیەندرا.

ڕاگەیاندنی فەرمیی کوژرانی خامنەیی

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 01-03-2026، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕاگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی خوێندەوە. لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لە هێرشە هاوبەشەکەی "ئەمریکای تاوانبار و ڕژێمی زایۆنیدا" شەهید بووە. ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوبراو تەمەنی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ناوی ئێران و ئیسلام فیدا کردووە.

ڕاگەیاندنی پرسە و پشووی گشتی

حکومەتی ئێران دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، زنجیرەیەک ڕێکاری فەرمی لە وڵاتدا گرتەبەر. بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی 40 ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری ئێراندا. هەروەها بۆ ماوەی 7 ڕۆژ پشووی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان و ناوەندە جیاوازەکان ڕاگەیەندرا.

ژیاننامە و پێگەی ئایینی خامنەیی

سەید عەلی حوسێنی خامنەیی لە 19-04-1939 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە و بە ڕەچەڵەک ئازەرییە. ناوبراو خوێندنی ئایینی تەواو کردووە و پلەی مەرجەعی ئایینی هەبوو. پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979، بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی، لە نێوان ساڵانی 1963 تاوەکو 1977 چەندین جار دەستبەسەر کراوە.

وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە باڵاکان

خامنەیی لە ساڵی 1981 تاوەکو 1989 وەک سەرۆککۆماری ئێران کاری کردووە. دوای کۆچی دوایی ڕوحوڵڵا خومەینی لە ساڵی 1989، جێگەی گرتەوە و بووە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران. ناوبراو بۆ ماوەی 36 ساڵ کەسی یەکەمی و خاوەن بڕیاری کۆتایی بوو لە ئێراندا و لەلایەن گۆڤاری فۆربزی ئەمریکییەوە وەک یەکێک لە بەهێزترین کەسایەتییەکانی جیهان ناسێنرابوو.

ستراتیژی و سیاسەتی دەرەوە

لە ڕووی سیاسەتی دەرەوەوە، خامنەیی بە نەیارێکی سەرسەختی ڕۆژئاوا دەناسرا و باوەڕی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕووسیا و چین هەبوو. ناوبراو بەردەوام هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیلی دەکرد و ئامادە نەبوو پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن ئاسایی بکاتەوە. دواجار لە 28-02-2026 و دوای هێرشی چڕی ئاسمانی بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەواڵی کوژرانی ناوبراوی ڕاگەیاند.

کەناڵ8

01/03/2026