کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت: بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی کارەکانمان لە 3 کێڵگەی هەرێمی کوردستان ڕاگرت
بەهۆی جەنگی سەر ئێران و ئەگەرەکانی فراوانبوونی گرژییەکان، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانیان لە 3 کێڵگەی نەوتی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت.
ڕاگرتنی کارەکانی شاماران و ئێچ کەی ئێن
کۆمپانیای شاماران کە لە کێڵگەکانی نەوتی ئەترووش و سەرسەنگ خاوەن پشکە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن) کێڵگەکان بەڕێوە دەبەن، ڕایگەیاندووە کە ئاگادار کراونەتەوە کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکەوە بووە و مەبەست لێی خۆپاراستنە.
وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان
هاوکات کۆمپانیای گەڵف کیستۆن، کە کۆمپانیای سەرکارە لە کێڵگەی نەوتیی شێخان، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و بە ئامانجی پاراستنی گیانی کارمەندەکانیان و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو کێڵگەیە ڕاگرتووە.
کاریگەرییەکانی ڕاگرتنی دانەگاز لەسەر کارەبا
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکانی نەوت دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی شەممە کۆمپانیای دانەگاز کارکردنی لە کێڵگەی غازی سروشتیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ ڕاگرت. ڕاگرتنی کارەکانی دانەگاز کێشەی گەورەی بۆ کەرتی کارەبای هەرێمی کوردستان دروست کردووە و لە ئێستادا لە زۆربەی ناوچەکان کارەبا بڕاوە یان تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم دابین دەکرێت.
03/03/2026