
لەگەڵ درێژەکێشانى جەنگ، ئەمریکا هێرشەکانى بۆ لەناوبردنى توانا مووشەکى و ئەتۆمییەکانى ئێران چڕکردووەتەوە، و تارانیش بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنى پێگەکانى ئەمریکا لە وڵاتانى عەرەبى.
ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکە، بڕیاریداوە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'یو ئێس ئێس جۆرج دەبڵیو بوش' ڕەوانەى دەریاى ناوەڕاست بکات، کەشتی فڕۆکە هەڵگری جیراڵد فۆردیش دوای تێپەڕبوونی بە کەناڵی سوێسدا، پێنجشەممە چووەتە دەریای سوورو چاوەڕوان دەکرێت بچێتە پاڵ کەشتى ئەبراهام لینکن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى دژ بە ئێران.
وەزارەتى بەرگریی بەریتانیاش لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەمریکا دەستیکردووە بە بەکارهێنانى پێگەکانى وڵاتەکەى بە ئامانجى ڕێگرى لە هێرشە مووشەکییەکانى ئێران بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە.
هەروەها بەریتانیا ئامادەکارى کردووە بۆ ئەوەى کەشتیى فڕۆکەهەڵگرى برینس ئۆف ویڵز، لە کاتى پێویستدا لە دەریاى ناوەڕاست جێگیربکرێت.
هەرچەندە مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆمارى ئێران، ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەى هێرشەکانى بۆ سەر وڵاتانى دراوسێ ڕادەگرێت، بەڵام ڕۆژى شەممە وڵاتانى کەنداو هێرشى بەرچاویان بەخۆیانەوە بینى.
هەریەکە لە غوڵام حسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى و محەممەد قاڵیباف سەرۆکى پەرلەمانى ئێران، بەپێچەوانەى پزیشکیانەوە جەختیان لە بەردەوامى هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانى ناوچەکە کردەوە لەو بارەیەوە قاڵیباف گوتى "تاوەکو بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا هەبن وڵاتان ئارامى نابینن".
لەبارەى دیاریکردنى ڕابەرى نوێش کە دواى کوژرانى عەلى خامنەیی زۆرترین چاوى لەسەرە، ئایەتوڵا حسێن موزەفەرى، ئەندامى ئەنجوومەنى شارەزایان، هیواى خواست لە 24 کاتژمێرى داهاتوودا ئەنجوومەنى شارەزایان کۆببێتەوە و ڕابەرى نوێ هەڵبژێرێت، موجەتا خامنەیی کوڕى عەلى خامنەییش زۆرترین چانسى هەیە.
ڕۆژنامەى واشنتن پۆست، ڕاپۆرتێکى هەواڵگریى نهێنى ئەنجوومەنى هەواڵگرى نیشتمانیی ئەمریکا ئاشکراکردووە، کە تیێیدا باس لەوەکراوە، هەر هێرشێکى گشتگیر بۆ سەر ئێران بەس نییە بۆ ڕووخاندنى سیستم و دامەزراوەى سەربازى و ئایینى.
ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردووەتەوە، دواى کوشتنى سەرکردەکانى ئێران لە نێویاندا ڕابەرى باڵا، پرۆتۆکۆڵ پەیڕەو دەکرێت بۆ گرەنتیى بەردەوامیى دەسەڵات، ڕاپۆرتەکە بەدووریشى زانیوە ئۆپۆزسیۆن بتوانێت کۆنترۆڵى وڵاتەکە بکات.