
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ پێدرۆ سانچێز، هاوتا ئیسپانییەکەی ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، کاریگەرییەکانی جەنگەکە تەنیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا نامێنێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تیشک خراوەتە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و کاردانەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەردوولا ڕێککەوتوون پێکەوە کاربکەن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی جەنگ و سنووردارکردنی فراوانبوونی ململانێکان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردووەتەوە، عێراق بە بەردەوامیی هۆشداریی داوە لە مەترسییەکانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا، جەختی لەوەش کردووەتەوە، کاریگەرییەکانی جەنگەکە تەنیا لە وڵاتانی ناوچەکەدا نامێنێتەوە، بەڵکو بۆ ئەورووپاش درێژدەبێتەوە و مەترسیی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا جەختی لە گرنگی هەوڵی هەمەلایەنە کردووەتەوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، هاوکات ستایشی هەڵوێست و هەوڵەکانی عێراقی لەو بارەیەوە کردووە.
هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەهێزکردنی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی کردووەتەوە بۆ وەستانی دەستبەجێی جەنگ و کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی، جەختیان لە دیالۆگی بونیادنەرانە و ڕێکاری گونجاو کردووەتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان و پاراستنی سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتە مرۆیی و ئابوورییەکان، بە شێوەیەک ئاشتی و ئاسایشی جیهان بپارێزێت.