
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ڕووسیا ڕایگەیاند، 150 کارمەندی کۆمپانیای ڕووس ئەتۆمی وڵاتەکەی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهریان چۆڵ کردووە و دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
بەگوێرەی میدیا ڕووسییەکان، تاوەکو ئێستا 450 کارمەندی ڕووسی لە وێستگەکەن بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکراو لەوێ ماونەتەوە.
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، تەنیا وێستگەی ئەتۆمیی بازرگانیی ئێرانە لە ناوچەی بوشەهر، کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە تاران و 300 کیلۆمەتر لە شیرازەوە دوورە.
وێستگەکە لە سەردەمی محەمەد رەزا شای پەهلەویدا و لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دەست بەدروستکردنی کراوە، لە شەڕی ئێران و عێراقدا چەندینجار کراوەتە ئامانج، دواتر لەلایەن رووسیاوە نۆژەنکرایەوە.
کۆمپانیای ڕووس ئەتۆمی ڕووسی ڕایگەیاند، بە ئاسانی دەستبەرداری وێستگەکە نابن، چونکە وەکخۆی دەڵێت، بۆ ئەوان پرۆژەیەکی ستراتیژیی گرنگە.
وێستگەی بوشەهر بە سووتەمەنیی رووسیا کاردەکات، کە بە یۆرانیۆم بەرهەمهێنراوە و لەلایەن ئاژانسی جیهانیی وزەی ئەتۆمەوە چاودێریی دەکرێت.