
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کوشتنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی راگەیاند. بەپێی راگەیەنراوەکە، لاریجانی کە وەک "رێبەری کرداریی ئێران" وەسف کراوە، لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا لە دڵی تاران کراوەتە ئامانج، لە کاتێکدا ئێران لە بەرانبەر ئەم رووداوە گەورەیەدا تاوەکو ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی ئازاری 2026، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی سەربازیی زۆر ورد و بەکارهێنانی توانایەکی بێوێنە، توانیویانە لە ناوەڕاستی پایتەختی ئێران، عەلی لاریجانی بکەنە ئامانج و بیکوژن. ئیسرائیل لاریجانی وەک "سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و رێبەری کرداریی ئێران" ناساندووە.
لە راگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، بۆ چەندین ساڵ لاریجانی یەکێک بووە لە کەسایەتییە دیارەکانی لوتکەی دەسەڵات و زۆر نزیک بووە لە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران. ئاماژە بەوەش کراوە، دوای کوژرانی خامنەیی، پێگەی لاریجانی وەک رێبەری کرداریی وڵات جێگیر بووە و سەرکردایەتیی تەواوی شەڕەکانی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی کردووە، هەروەها سەرپەرشتیی هەماهەنگییە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی ناو میحوەری ئێران دەکرد.
ئیسرائیل تەنیا باسی رۆڵی دەرەکیی لاریجانی ناکات، بەڵکو دەڵێت ناوبراو لە کاتی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێراندا کە دژی دەسەڵات بوون، رۆڵی سەرەکی هەبووە. بەپێی راگەیەنراوەکە، لاریجانی سەرکردایەتیی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خەڵکی کردووە و راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەو کۆمەڵکوژییەی کردووە کە بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانی ئێرانی ئەنجام دراوە.
سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە کوژرانی لاریجانی بەشێکە لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی فراوانتر بە ناوی (نەڕەی شێر)، کە تێیدا دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئێرانی کراونەتە ئامانج، ئەمەش وەک گورزێکی گەورە بۆ سەر تواناکانی سەرکردایەتیی ئێران لە دژی ئیسرائیل وەسف کراوە. لە بەرانبەر ئەم راگەیەنراوەی ئیسرائیلدا، تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمیی نەداوە و بە تەواوی بێدەنگیی هەڵبژاردووە.