ناتۆ کشانەوەى نێردەکەى لە عێراق پشتڕاستکردەوە

ئاڵای عێراق و ڕێکخراوی ناتۆ
ئاڵای عێراق و ڕێکخراوی ناتۆ

ناتۆ، کشانەوەى کاتیی نێردەکەى لە عێراق پشتڕاستدەکاتەوە، هۆکارەکەشى بۆ بەردەوامیى جەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گەڕاندووەتەوە.

بەشێوەیەکی کاتی لە عێراق گواستراونەتەوە

دوو بەرپرسى باڵا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، بە ئاژانسى هەواڵى عێراقیان ڕاگەیاندووە، نێردەى هاوپەیمانیی باکوورى ئەتڵەسى "ناتۆ" بەشێوەیەکى کاتى بۆ دەرەوەى عێراق گواستراونەتەوە، هۆکارەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ بەردەوامیى شەڕ لە ناوچەکە و مەترسیی لەسەر ژیانیان.

بنکەکان لە بەغداد جێهێشتووە

ئاماژەیان بەوەشکردووە، نێردەى ناتۆ بنکەى یۆنیۆن 3ـیان لە بەغداد جێهێشتووە و تەنیا ژمارەیەکى کەمیان ماونەتەوە. بەرەبەیانى ڕۆژى هەینیش 45 سەربازى ئەمریکا بنکەکەیان جێهێشتووە.

بەهۆی دڵەڕاوکێ لە دۆخەکە بووە

بەرپرسێکى دیکەى عێراقى ڕایگەیاندووە، کشانەوەى کاتیی نێردەکە بەهۆى دڵەڕاوکێ بووە لە دۆخەکە، بەر لە کشانەوەکەش حکومەتى عێراق ئاگادارکراوەتەوە و هیچ ناکۆکییەک لەنێوان هەردوولادا نییە.

کشانەوەکە کاتییە

هەروەها ئەلیسۆن هارت، گوتەبێژى ناتۆ، کشانەوەى نێردەکەیانى لە عێراق پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، کشانەوەکە کاتییە و هەرکاتێک کۆتایی بەشەڕ لە ناوچەکەدا هات، نێردەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.

گوتیشى، هەماهەنگییەکى پتەویان لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لەو بارەیەوە هەیە.

ڕۆڵی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق

نێردەى ناتۆ لە عێراق ڕۆڵى پێدانى ڕاوێژ، بە هێزە ئەمنییەکانى عێراق هەیە و نێردەیەکى نا سەربازییە، بارەگاکەى لە بنکەیەکى یۆنیۆن 3ـیە لە بەغداد و نزیکە لە باڵیۆزخانەى ئەمریکا، کە لەماوەى ڕابردوودا چەندین جار ڕووبەڕووى هێرشى مووشەکى و درۆنى بووەتەوە.

نێردەى ناتۆ لە عێراق لە ساڵى 2018 پێکهێنراوە و چەند سەد ئەندامێک لە وڵاتانى ئەندامى ناتۆ و هاوبەشەکانیان لە ئوسترالیا و نەمسا پێکدێت.