شاندى حەسەکە و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە؛ تاوتوێی دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی ئاوارەکان کراوە
سیامەند عەفرینى، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشى ناوخۆی حەسەکە بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، لەسەر داواکاریى حکومەتى سووریا کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى سووریا بۆ قۆناغى ڕاگوزەر ئەنجامداوە، کە پارێزگار و بەرپرسى هێزە ئەمنییەکانى حەسەکە تێیدا بەشداربوون و پەیامى جەژنى ڕەمەزان و نەورۆزیان پێگەیاندوون.
پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان
فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشى ناوخۆی حەسەکە گوتیشى، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتاوێى دۆخى ئەمنییان کردووە و هەروەها پرۆسەى ئاڵوگۆڕکردنى دیلەکانیان تاوتوێکردووە و ئەحمەد شەرع جەختى لەسەر کارى پێکەوەیى و ئازادکردنى دیلەکان کردووەتەوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی
سیامەند عەفرینى، ڕاشیگەیاند، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکانیان تاوتوێکردنى دۆخى ئاوارەکانى عەفرین، گرێسپى و سەرێکانى و ناوچەکانى دیکە بووە و جەخت لە چارەسەرکردنى کێشەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان کراوەتەوە و لە داهاتووشدا کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنى هاوبەش و چارەسەرکردنى کێشەکان.
21/03/2026