بانکی ناوەندیی عێراق ڕێکاری نوێ دەگرێتەبەر بۆ پێدانی دۆلار بە بانکەکان
بانکی ناوەندی عێراق ڕێکاری نوێ بۆ چارەسەرکردنی بێبەشبوونی بانکەکان لە مامەڵەکردن بە دۆلار دەگرێتەبەر و گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێریش دەڵێت، ڕێکارەکە کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دینار.
لە ڕۆژانی داهاتوودا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت
ئەحمەد داود سەلمان، بەڕێوەبەری بەشی حەواڵە لە بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند:" لەهەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو بانکانەی بە هەر هۆکارێک بێت ڕێگەیان پێنادرێت مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ کۆمپانیای وردبینی ئۆلیڤەر وایمان Oliver Wyman لەسەر هێڵن". بەڕێوەبەرەکەی بەشی حەواڵە دەشڵێت:" لە ڕۆژانی داهاتوودا تێبینیی گۆڕانکارییەکان دەکەن".
ئەسیکۆدا و خواست بۆ دۆلار لە بازاڕی ڕەش
ئەوە لە کاتێکدایە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان خواست لەسەر کڕینی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا زیادیکردووە ئەمەش هاوکات لەگەڵ فراوابوونی جەنگی ئێران و کاریگەرییەکانی لە عێراقدا بەهای دینار دابەزیوە، بەجۆرێک هەر 100 دۆلارێک بە زیاتر لە 155 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش 23 هەزار دیناری زیاتر بەراورد بە بەهای فەرمی کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارییەک.
دۆلار بە نرخی فەرمی نادرێتە هەرێمی کوردستان
لەلایەکی دیکەوە یەکێک لەو ڕەخنانەی لە بانکی ناوەندی دەگیرێت ئەوەیە کە دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان بەردەست ناکات، لە کاتێكدا بەگوێرەی دوایین ڕێکاری نێوان هەردوو حکومەت تەنیا دەرچەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق هەرێمی کوردستانە لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیاوە.
دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ ئەسیکۆدایە
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازگانیی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی گوت:" تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ پێدانی دۆلاری 132 هەزار دیناری بۆ بازرگانانی کوردستان، خزمەتگوزارییەکە تەنیا بۆ ئەو بازرگانانەیە، کە پەیوەستن بە سیستمی ئەسیکۆداوە".
سەقامگیری بۆ نرخی دینار دروست دەکات
هاوکات کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند:" بڕیارەکەی بانکی ناوەندی سەقامگیری بۆ دۆخی دینار دەهێنێت و کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی بەهاکەی".
سزای سەر بانکەکانی کوردستان و عێراق
لە ساڵانی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا چەندین جار بانکە کوردستانی و عێراقییەکان ڕووبەڕوی سزا بوونەتەوە و ڕێگەیان لێگیراوە مامەلە بە دۆلارەوە بکەن و بەشێکیان بە تۆمەتی سپی کردنەوەی دۆلار سزادراون، بەتایبەت لە کۆتایی مانگی تەمووزی ساڵی 2022 بە جارێک 14 بانک پێکەوە سزادران و لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کران.
22/03/2026