سۆمۆ بەنیازە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان بگەیەنێتە 500 هەزار بەرمیل
کۆمپانیای سۆمۆ دەیەوێت هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهان بگەیێنێتە 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لەکاتێکدا ئێستا 250 هەزار بەرمیل نەوت لەو بۆریەوە هەناردە دەکات. ئەم هەنگاوەى کۆمپانیاى سۆمۆ لە پاش نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکووک-پێشخاپوور-جەیهان دەبێت.
ڕێکارەکانی فرۆشتنی نەوتی خاو خراونەتەڕوو
ئەوەش لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەی دوێنێى ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا میوانداریی بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" کرا و ئەویش ڕوونکردنەوەی وردی لەبارەی میکانیزم و ڕێکارەکانی فرۆشتنی نەوتی خاو، لەنێویاندا هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەی بەندەری کەرکووک-جەیهانی تورکیاوە خستووەتەڕوو.
هاوردەکردنی بەنزین
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران، گرێبەستی کۆمپانیای سۆمۆى پەسەند کردووە بۆ هاوردەکردنی بەپەلەی بڕێک بەنزین وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو بارانەی کە بڕیار بوو لە ماوەی مانگی ئازاردا ئامادەبکرێن، ئەمەش بەدەر دەبێت لە ڕێکارەکانی هەناردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستە حکومییەکان.
هەناردەی نەوت لە وێستگەی سارالووەوە
ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە هەناردەکردنەوەی نەوت لەپاش وەستانی بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، لەڕێگەی وێستگەی سارالو بۆ بەندەری جەیهان بەبڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەستیپێکردەوە.
توانای هەناردەکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوت
ئەوکات کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، تروومپاکانی نەوتی کەرکووک کە دەڕواتە بەندەری جەیهان، توانایان هەیە 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن و هەوڵەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی هەناردەکردنە.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، بەهۆی شەڕەوە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عێراق لە سێ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە کەمکردووەتەوە بۆ 900 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
25/03/2026