حووسییەکان چوونە ناو شەڕ دژى ئیسرائیل و ئەمریکا
دواى نزیکەى مانگێک لە بەردەوامبوونى شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، حووسییەکانى یەمەن چوونە ناو جەنگەکەوە و سوپاى ئیسرائیل ڕایگەیاند، یەکەمجار مووشەکێک لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاڕاستەکراوە.
مووشەکێک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ـی شوبات، بۆ یەکەمجار مووشەکێک لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاڕاستەکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی حووسییەکانى هاوپەیمانی ئێران هەڕەشەی بەشداریکردنیان لە شەڕەکەدا کرد.
بەرپەرچ دراوەتەوە
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، هێزەکانی ئیسرائیل "هەڵدانی مووشەکێکیان لە یەمەنەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل دەستنیشانکردووە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییش کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشەکە".
حوسییەکان هەڕەشە دەکەن
درەنگانى شەوى ڕابردووش، حووسییەکان لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکرد، پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیانە بۆ ئەوەی دەستوەردان بکەن، لە حاڵەتێکدا کە هەرکاتێک دەریای سوور بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهات، هەروەها هەر هاوپەیمانییەتییەکی دیکە بچێتە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر وڵاتێکی دیکەی ئیسلامی.
لە سەرەتاى دەستپێکردنى شەڕەکەوە، ئەمە یەکەم لێدوانى سوپاى ئیسرائیلە، ئاماژە بە هەڵدانی مووشەک لە یەمەنەوە بکات بۆ خاکى وڵاتەکەى، لەکاتێکدا ئەمریکا و ئێران باس لە دانوستان دەکەن.
28/03/2026