کۆمپانیاى سۆمۆ: داهاتى نەوتى عێراق بە ڕێژەى 72% کەمیکردووە

داهاتى نەوتى عێراق لە مانگى ئازار بەڕێژەى 72% کەمیکردووە، لە نزیکەى حەوت ملیار دۆلارەوە دابەزیوە بۆ نزیکەى دوو ملیار دۆلار.

کاریگەرییەکانى جەنگ و داخستنى گەرووى هوورمز

ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و داخستنى گەرووى هوورمز کە بە شادەمارى هەناردەى نەوت لە جیهاندا دادەنرێت، کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئابوورى عێراق و بەتایبەت پڕۆسەى هەناردەکردنى نەوت هەبووە.

هەناردەى نەوت لە مانگى ئازار

عەلى نزار شەترى، بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى گشتیی بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاندووە، لە مانگى ئازارى ڕابردوو، هەناردەى نەوت و داهاتەکەى بەراورد بە مانگەکانى ڕابردوو، بەرێژەى 72% کەمیکردووە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، لە مانگى ئازاردا هەناردەى نەوت گەیشتووەتە 18 ملیۆن بەرمیل و داهاتەکەى ملیارێک و 900 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەناردەى نەوت لە ڕێگەى بەندەرەکانى باشوورەوە تاوەکو هەشتى ئازار بەردەوامبووە.

بەر لە داخستنى گەرووى هوورمز

بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى نەوتى عێراق، بەر لە هێرشەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و داخستنى گەرووى هوورمز، عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار تاوەکو چوار ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردە کردووە و داهاتکەى شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلارى تێپەڕاندووە.کۆى داهاتى نەوتیش لە ساڵى 2025دا زیاتر لە 81 ملیار دۆلار بووە.

سوود وەرگرتن لە بەرزى نرخى نەوت

لە سایەى ئاڵنگارییە ئەمنى و سەربازییەکانى ناوچەکە، کۆمپانیاى سۆمۆ هەوڵدەدات سوود لە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت وەربگرێت، بە هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەى وشکانییەوە، بەتایبەت هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەى بۆرى بۆ بەندەرى جەیهان و هەناردەکردنى نەوت بە تانکەر و بەرهەمە نەوتییەکانى وەک نەوتى ڕەش لە ڕێگەى وڵاتانى دراوسێ.

50 هەزار بەرمیل بۆ سووریا

بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژى سێشەممەوە دەروازەى وەلید لە نێوان عێراق و سووریا بۆ هەناردەى نەوت کراوەتەوە، حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ سووریا دەگوازنەوە.

بۆریى نەوتى کەرکووک-پیشخابوور

هاوکات حکومەتى عێراق لە پاڵ دەستپێکردنى هەناردەى نەوت لە ڕێگەى بۆرى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەندەرى جەیهان سەرقاڵى نۆژەنکردنەوەى بۆرى کەرکووک بۆ پیشخابوورە.

بە گوێرەى ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ، ڕۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک لە ڕێگەى بۆرى هەرێمى کوردستانەوە هەناردەى بەندەرى جەیهانى تورکیا دەکرێت.