ڕووسیا 198 کارمەند لە وێستگەى ئەتۆمى بوشەهرەوە دەگەڕێنێتەوە
ڕووسیا 198 کارمەندى لە وێستگەى ئەتۆمیى بوشەهرى ئێران دەگەڕێنێتەوە. ڕووسیا پێشتر 163 کارمەندی دیکەی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کشاندبوویەوە. ئاژانسى وزەى ئەتۆمى ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر پێویستی بە دەیان کارمەندی وڵاتەکەی هەیەو بەو هۆیەوە هەموو کارمەندەکان ناکشێننەوە.
بە پاس و ڕێگەی ئەرمینیاوە دەگەڕێنەوە
ئەلیکسى لیخاچێڤ، بەڕێوەبەرى ئاژانسى وزەى ئەتۆمیى ڕووسیا ناسراو بە (ڕووسیاتۆم) ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ گەڕاندنەوەى کاروانى یەکەمى کارمەندانى سەرەکى ڕووسیاتۆم لە ئێرانەوە دەستیپێکردووە و بە پاس 198 کارمەند بەرەو سنوورى ئەرمینیا بەڕێکەوتوون، ئەوەش بەگەورەترین پرۆسەى گواستنەوەى کارمەندانى ڕووسیا لە وێستگەکە دادەنرێت لە دواى دەستپێکردنى جەنگ لە ئێران.
مەترسییەکان زیاتر بوون
بەڕێوەبەرى ئاژانسى وزەى ئەتۆمیى ڕووسیا ناسراو بە (ڕووسیاتۆم)ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژانە ئەگەرەکانى زیانگەیاندن و ڕووداوى ئەتۆمى لەزیادبووندان، وەک ئەوەى ئەمڕۆ ڕوویدا.
دوای 20 خولەک لە دەرچوونی کارمەندانی ڕووسیا
دواى 20 خولەک لە دەرچوونى کارمەندانى ڕووسیا، ئیسرائیل بۆردوومانى وێستگەى ئەتۆمى بوشەهرى کرد، بەگوێرەى ئاژانسەکانى هەواڵى ئێران لە هێرشەکەى ئیسرائیلدا کارمەندێکى پاراستنى وێستگەکە کوژراوە.
چوار جار بۆردومانکراوە
وێستگەى ئەتۆمى بوشەهر دەکەوێتە سەرکەناراوەکانى کەنداو، لە باشوورى ڕۆژئاواى ئێران، لەدواى دەستپێکردنى جەنگ لە 28ـى شوبات، چوارجار بۆردوومانکراوە.
163 کارمەندی دیکەی ڕووسیا گەڕێندرابوونەوە
لە ڕۆژانى سەرەتاى جەنگەکەدا، ڕووسیا دەیان کارمەندى لە ئێرانەوە گەڕاندووەتەوە، لە 25ـى ئازاریش 163 کارمەند دواى بۆردوومانى وێستگەکە گەڕێنرانەوە ڕووسیا.
پێویستە دەیان کارمەند لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر بمێننەوە
سەرۆکى ئاژانسى وزەى ئەتۆمى ڕووسیا لە ماوەى ڕابردوودا ڕەتیکردەوە سەرجەم کارمەندەکانیان بکشێننەوە، دووپاتیکردەوە پێویستە دەیان کارمەندیان لە وێستگەى ئەتۆمى بوشەهر بمێننەوە.
وێستگەکە و ڕووسیا
وێستگەى ئەتۆمى بوشەهر، لە ساڵى 1995ـەوە لەلایەن ڕووسیاوە دەستکراوە بە دروستکردنى و لە ساڵى 2011 تەواو بووە.
04/04/2026