
دوو سەرچاوە بە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکییان ڕاگەیاندووە، تاوەکو ئێستا هەموو هەوڵەکانی نێوەندگیرەکان بۆ ڕێکخستنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بێئەنجام بوون.
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، ئێران ئاگربەستی کاتی ڕەتکردووەتەوە و داوا دەکات بە یەکجاریی جەنگ ڕابگیرێت و بە ڕوونی گرەنتی بکرێت کە ئەمریکا دووبارە هێرشی نەکاتەوە سەر.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەکسیۆن، نێوەندگیرەکان لە هەوڵدان ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ بونیادنانی متمانە، تاوەک دانوستانی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران بکرێت، بەڵام نازانرێت تاوەکو ڕۆژی دووشەممە ئەوە دێتە دی یان نا.
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ئەو مۆڵەتە 10 ڕۆژەی بۆ ئێرانی دانابوو بۆ ڕێککەوتن، تەنیا 48 کاتژمێر ماوە، واتە ڕۆژی دووشەممە ئەو وادەیە کۆتایی دێت.
دانوستان ناڕاستەوخۆکان بۆ ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە جەنگ، بە بەشداریی سیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ترەمپ و وەزیرانی دەرەوەی ئێران، پاکستان، تورکیا، سعودیە و میسڕ بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی میدیاکان، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکایەتیی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان دەکەن و جەنەڕاڵ عاسم مونیر فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان نێوەندگیرییانە.