ئەمریکا فڕۆکەوانە ونبووەکەی لە ناو جەرگەی ئێران ڕزگار کرد
میدیایەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا فڕۆکەوانی دووەمی فڕۆکە تێکشکاوەکەی جۆری F-15Eیان لەنێو ئێران ڕزگار کردووە.
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە
ماڵپەڕی "Axios"ـی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵاوە بڵاوی کردەوە، دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئاڵۆز و مەترسیدار، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانیویانە فڕۆکەوانی دووەمی فڕۆکە تێکشکاوەکەی جۆری F-15E لە نێو خاکی ئێران ڕزگار بکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، پڕۆسەکە درەنگی شەوی ڕابردوو دەستی پێکردووە و تیمێکی تایبەتی سوپای ئەمریکا بە نهێنی چوونەتە نێو خاکی ئێرانەوە.
پێکدادانی چەکداری و گواستنەوەی فڕۆکەوانەکە
لە کاتی گەیشتنی تیمەکە بە شوێنی مەبەست، پێکدادانی چەکداریی قورس لەنێوان تیمی ڕزگارکەر و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ڕوویداوە. سەرەڕای مەترسییەکان، تیمە ئەمریکییەکە توانیویانە فڕۆکەوانەکە لە ناوچەکە دەربهێنن و لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرێکەوە بەرەو دەرەوەی ئێران بیگوازنەوە. بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان کردەوە کە هیچ ئەندامێکی تیمی ڕزگارکردنەکە لەو ئۆپەراسیۆنەدا نەکوژراون.
باری تەندروستیی فڕۆکەوانەکە
ئێستا فڕۆکەوانە ڕزگارکراوەکە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایە لە دەرەوەی ئێران و باری تەندروستیی جێگیرە، بەڵام پێویستی بە چاودێریی پزیشکی هەیە. تاوەکو ئێستا ناسنامە و ڕەگەزی ئەو فڕۆکەوانە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە ئاشکرا نەکراوە.
پاشخانی تێکشکانی فڕۆکەکە
ئەم ڕووداوە دوای ئەوە دێت کە فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15Eـی ئەمریکی لە ئاسمانی ئێران تێکشکا و چارەنووسی یەکێک لە ستافەکەی بە نادیاری مابووەوە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی زۆر لە واشنتن.
ترەمپ چاودێری کردووە
لای خۆیانەوە میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی چاودێری رزگار کردنی سەربازە ئەمریکییەکەی کردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پێگەی خۆی خۆی لە ترووس سۆشیال ڕایگەیاند، ئەم جەنگاوەرە ئازایە لە پشت هێڵەکانی دوژمن و لە چیا سەختەکانی ئێراندا بوو، لە لایەن دوژمنەکانمانەوە دەورە درابوو و کاتژمێر دوای کاتژمێر لێی نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئەو هەرگیز بە تەنیا نەبوو؛ چونکە سەرۆک، وەزیری جەنگ، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و هاوسەنگەرەکانی، 24 کاتژمێر چاودێری شوێنەکەیان دەکرد و بە وردی پلانیان بۆ ڕزگارکردنی دادەنا. ئەو هەندێک برینداری هەیە، بەڵام تەندروستی باش دەبێت
ڕاپۆرتە جیاوازەکان لەسەر پڕۆسەکە
پێشتر کەناڵی جەزیرەی ئینگلیزی لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی ئەمریکاوە بڵاوی کردبووەوە، تیمی ڕزگارکردن شوێنی فڕۆکەوانەکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانە قورسەکانەوە هێشتا خاکی ئێرانی جێ نەهێشتووە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە. بەڵام دواتر ئەکسیۆس هەواڵی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە و چوونە دەرەوەی تیمەکە و فڕۆکەوانەکەی لە خاکی ئێران پشتڕاست کردەوە.
05/04/2026