48کاتژمێر لە گردەکانی ئێراندا؛ چۆن سی ئای ئەی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی ڕزگارکرد؟

دیمەنێک لە زنجیرە شاخەکانی دنا لە پارێزگای کەگیلویە و بویرئەحمەد لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران
دیمەنێک لە زنجیرە شاخەکانی دنا لە پارێزگای کەگیلویە و بویرئەحمەد لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران

سەرۆکی ئەمریکا ڕزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی وڵاتەکەی لە ناوخۆی ئێران ڕاگەیاند و میدیاکانیش وردەکاریی شێوازی خۆشاردنەوە و گەڕانی "CIA" بەدوای ئەفسەرەکەدا بڵاودەکەنەوە.

خۆشاردنەوە لە گردە بەرزەکاندا

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "Fox News"ـی ئەمریکی، ئەو ئەفسەرە پلە کۆلۆنێلەی ئەمریکا دوای تێکشکانی فڕۆکەکەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران، توانیویەتی بە هەزاران پێ بە گردێکدا سەربکەوێت. فڕۆکەوانەکە ماوەی نزیکەی 48 کاتژمێر لەو ناوچەیەدا بە سەرکەوتوویی خۆی لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران شاردووەتەوە.

شێوازی دروستکردنی پەیوەندی

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، فڕۆکەوانەکە یان لە ڕێگەی ئامێرێکی پەیوەندیی تایبەتی سەربازیی دەنگییەوە پەیامی بە بەرپرسانی ئەمریکا گەیاندووە، یاخود لە ڕێگەی نیشانەیەکی فیزیاییەوە وەک دروستکردنی ئاگر یان هەر ئاماژەیەکی دیکە، هێزەکانی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو شوێنەکەی بدۆزنەوە.

تاکتیکی چەواشەکاریی "CIA" لە ناو ئێران

دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) پێش دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکە، کەمپینێکی سەرلێشێواویی لە ناوخۆی ئێراندا دەستپێکردووە. دەزگاکە زانیاریی ناڕاستی بڵاوکردووەتەوە کە شوێنی ئەفسەرەکە دۆزراوەتەوە و خەریکی گواستنەوەین، ئەمەش وای کردووە لایەنی ئێرانی تووشی سەرلێشێواوی ببێت. دواتر "CIA" شوێنە ڕاستەقینەکەی بە پێنتاگۆن ڕاگەیاندووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنەکە.

قووڵترین ئۆپراسیۆنی گەڕان لە مێژوودا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەم پڕۆسەیەی بە "قووڵترین ئۆپراسیۆنی گەڕان لە مێژووی ئەمریکا" وەسف کرد. ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە پرسیارێکی زۆر دروستبوو لەسەر ئەوەی چۆن ئێران نەیتوانیوە لە ماوەی ئەو هەموو کاتژمێرەدا فڕۆکەوانەکە لە ناو خاکی خۆیدا دەستگیر بکات.

بەراوردکاری لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکان

ئەم ئۆپراسیۆنە بە هاوشێوەی ڕووداوێکی ساڵی 1999 لە سڕبیا دادەنرێت، کاتێک فڕۆکەوانێکی ئەمریکی فڕۆکەکەی لە جۆری F-117 تێکشکا و توانی لەناو جۆگەیەکی ئاوەڕۆدا خۆی بشارێتەوە تاوەکو لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ڕزگار کرا.