جۆو کێنت بۆ کەناڵ8: ڕەنگە ڕۆژێک سلێمانی ببێتە ناوەندی دیپلۆماسی و شوێنی کۆبوونەوەی واشنتۆن و تاران

کەناڵ8 06/04/2026
جۆو کێنت، بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا
جۆو کێنت، بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا

بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا  پێشبینی دەکات هەرێمی کوردستان لەبری مەیدانی جەنگ، ببێتە ناوەندی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و کۆتایی بەو سووڕی توندوتیژییە بهێنێت کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.

پێشبینی بۆ ڕۆڵی سلێمانی و هەولێر لە ئاشتی

جۆو کێنت، بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا  لە وەڵامی پرسیارێکی ئەحمەد نەجم سەرۆکی بۆردی کەناڵ8 لە پۆدکاستی "ئەنفرەیمد" ئاماژەی بەوە کرد کە شاری سلێمانی یان هەولێر دەتوانن لە داهاتوودا ڕۆڵی "ناوەندی ئاشتی" بگێڕن لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران. کێنت ڕایگەیاند کە پێویستە سوود لەو سەقامگیرییە وەربگیرێت کە لەو ناوچانەدا هەیە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن تێیدا کۆببنەوە و بە کردەیی بەشداری لە دیپلۆماسییەتدا بکەن.

تێگەیشتنی سەرکردە کوردەکان لە هاوکێشەکان

ئەم بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە سەرکردە کوردەکان، بەتایبەت لە سلێمانی، پەیوەندییەکی قووڵ و تێگەیشتنێکی باشیان هەیە بۆ شێوازی بیرکردنەوەی هەریەکە لە واشنتۆن، تاران و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد. کێنت پێی وایە ئەم پێگە جیۆپۆلیتیکییە دەگمەنە وا دەکات هەرێمی کوردستان ببێتە باشترین شوێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دیپلۆماسییەی کە هەیە و دەتوانرێت کێشەکان بەبێ بەکارهێنانی مووشەک و توندوتیژی چارەسەر بکرێن.

هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی جێگیر

بە وتەی کێنت، لە جیاتی ئەوەی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ سەربازییەکان، دەبێت وەک ناوچەیەکی جێگیر بمێنێتەوە تا ببێتە پارێزەری ئاشتی لە ناوچەکەدا. کێنت جەختی کردەوە کە مانەوەی هەرێم وەک ناوچەیەکی ئارام، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی گشتگیر کە تێیدا بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکە پارێزراو بێت و کۆتایی بەو خوێنڕشتنە بهێنرێت کە چەندین ساڵە بەردەوامە.

کەناڵ8

06/04/2026