
بەرپرسی پێشووی دژە تیرۆری ئەمریکا ستایشی هەڵوێستی سەرکردایەتیی کورد دەکات بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سەربازییەکان و ڕایدەگەیەنێت کە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.
لە بەشێکی گفتوگۆکەیدا لە پۆدکاستی "ئەنفرەیمد"، جۆو کێنت بە توندی دژی ئەو دەنگۆیانە وەستایەوە کە باس لە بەکارهێنانی شەڕکەری کورد دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناو خاکی ئێراندا. کێنت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو سەقامگیرییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە ماندووبوونێکی زۆر و لە ماوەی چەندین دەیەدا بەدەست هاتووە، بۆیە تێکدانی ئەم بارودۆخە و ناردنی کورد بۆ ناو شەڕێکی لەو شێوەیە، دژی بەرژەوەندیی هەموو لایەک دەوەستێتەوە.
ئەم بەرپرسە پێشووەی ئەمریکا پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ لێدوانەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی، کە جەختی لەوە کردبووەوە "کوردستان دەبێت ببێتە پردێک نەک مەیدانی جەنگ". کێنت ئەم دیدگایەی وەک هەڵوێستێکی ژیرانە وەسف کرد بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە لێکەوتە وێرانکەرەکانی جەنگی نێوان واشنتۆن و تاران.
جۆو کێنت جەختی کردەوە کە سەرکردایەتیی کورد، چ لە هەولێر و چ لە سلێمانی، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەبینن، چونکە بە باشی لە شێوازی بیرکردنەوەی تاران، بەغداد و واشنتۆن تێدەگەن. کێنت ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەولێر و سلێمانی ببنە ئەو شوێنەی کە ڕۆژێک لایەنەکان تێیدا لەگەڵ ئێرانییەکان دابنیشن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە، نەک ئەوەی بکرێنە مەیدانی مووشەکبارانکردنی یەکتر.


.jpg)


