قەتەر: داواى قەرەبووکردنەوە لە ئێران دەکەین

ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ
ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ

قەتەر بە فەرمی داوای قەرەبوو لە ئێران دەکات بۆ ئەو زیانانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە لێی کەوتووە و هۆشداریش دەدات کە مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە.

ئاڕاستەکردنی سکاڵا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان

وەزارەتى دەرەوەى قەتەر دوو نامەى ئاڕاستەى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش کرد. لە نامەکاندا باس لەو بۆردوومانانە کراوە کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە سەر خاکی قەتەر. وەزیرى دەرەوەى قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە مووشەکى و درۆنییەکان لەناو خاکی ئێرانەوە ئاڕاستە کراون و تەنانەت لەدوای بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ ڕاگرتنى هێرشەکان، ئێران بەردەوام بووە لە بۆردوومانکردنی قەتەر و وڵاتانی تری کەنداو.

پێشێلکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان

وەزارەتى دەرەوەى قەتەر ئەم دەستدرێژییانەی وەک پێشێلکردنى بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایش ژمارە 1817ـى ساڵى 2026 ناوبرد. قەتەر ڕایگەیاندووە کە بەرپرسیارێتى ئەنجوومەنى ئاسایشە ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى بپارێزێت و ڕێکاریى پێویست بۆ ڕاگرتنى ئەو پێشێلکارییە مەترسیدارانە بگرێتەبەر.

داواکاری قەرەبووکردنەوە

حکومەتی قەتەر داوا لە ئێران دەکات قەرەبووى سەرجەم ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ڕووبەڕووى وڵاتەکەی بووەتەوە. لە نامەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی هەڵسەنگاندنی وردی زیانەکانن و دواتر دەرەنجامەکان ئاڕاستەى نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایش دەکەن.

مافی وەڵامدانەوە و پاراستنی سەروەری

وەزارەتى دەرەوەى قەتەر هۆشدارى داوە کە بەگوێرەى ماددەى 51 لە ڕێککەوتننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان، مافى قەتەرە وەڵامى دەستدرێژیى و بۆردوومانەکان بداتەوە. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ڕێکاریى پێویست بۆ پاراستنى سەروەریى، ئاسایش و سەلامەتى هاووڵاتییان و هەموو ئەو کەسانەی لەسەر خاکی وڵاتەکەیان نیشتەجێن دەگرنەبەر.