سروە محەممەد: سیستمى ئەسیکۆدا دەبێتە هۆى شەفافییەتى تەواو بۆ داهاتى نانەوتى
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا ئاسانکارییەکی گەورە بۆ بازرگانان دەکات و داهاتی دەروازە سنوورییەکان شەفافتر دەکات.
سوودەکانى ئەسیکۆدا بۆ بازرگانان
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، سیستمی "ئەسیکۆدا" سوودێکی زۆری بۆ هاوردەکاران، بازرگانان و خاوەن کارگەکان دەبێت. ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە، بازرگانان و خاوەن کارگەکان دەتوانن بەبێ گرفت بەرهەمەکانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕەوانە بکەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی خێراتر دەکات.
گفتوگۆکانى هەولێر و بەغداد
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای کرد، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ بەغداد لەبارەی ئەم سیستمە ئەنجامداوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنی کۆتایی لەو بارەیەوە نەکراوە، بەڵام سروە محەمەد جەختی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم سیستمە دەبێتە هۆی شەفافییەتی تەواو لە داهاتی نانەوتی و ڕێکخستنەوەی کارەکانی ناو دەروازە سنوورییەکان.
فرەجۆرکردنى سەرچاوەکانى داهات
سروە محەمەد، ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پێویستییەکی زۆری بە زیادکردنی داهاتی نانەوتی هەیە. حکومەتی عێراق ماوەی 2 ساڵە کار بۆ ئەوە دەکات داهاتەکانی لە ڕێگەی باج و گومرگەوە زیاد بکات تاوەکو بتوانێت ئابووریی وڵاتەکە فرەجۆر بکات و تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت.
09/04/2026