موجتەبا خامنەیی: جەنگمان ناوێت بەڵام سازش لە مافەکانی خۆمان ناکەین

کەناڵ8 09/04/2026
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بە بۆنەی چلەی کوژرانی خامنەییەوە پەیامێکی بڵاوکرەوە و ڕایگەیاند، جەنگمان ناوێت بەڵام سازش لە مافەکانی خۆمان ناکەین و دەشڵێت، بەڕێوەبردنی گەرووی هوورمز دەبەنە قۆناغێکی نوێوە.

باوەڕبوون بە دۆستایەتی لەگەڵ هاوسێکان

موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، ئێران نایەوێت شەڕ بکات و باوەڕی بە دۆستایەتی لەگەڵ دراوسێیەکانی هەیە، بەڵام داوای لێکردن کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان دابخەن، چونکە ئەو بنکانە دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان.

ئامادەیی لە گۆڕەپانەکان

ڕێبەری باڵای ئێران ڕاشیگەیاند، گەلی ئێران لە مەیدانی جەنگدا سەرکەوتوو بووە و ئێران وەک هێزێکی گەورە دەرکەوتووە، لە کاتێکدا هێزە " خۆبەزلزانەکان" ڕوویان لە کزییە، دەشڵێت، پێویستە جەماوەر وەک چل ڕۆژی ڕابردوو ئامادەییان لە گۆڕەپانەکان هەبێت.

ئامادەیی گەل بۆ هەموو ئەگەرەکان

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕاگەیاندنی دانوستان لەگەڵ دوژمن بە واتای دوورکەوتنەوەی خەڵک لە گۆڕەپانەکان نایەت و دەبێت گەل بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بێت.

کەناڵ8

09/04/2026