
بە ئامانجی یەکخستنی کارە گومرگییەکان و مۆدێرنکردنی سیستمەکە، دەستەی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و جەخت لە هاوکارییە تەکنیکییەکان بۆ دەروازە سنوورییەکان دەکەنەوە.
دەستەى گومرگى عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستەى گومرگى هەرێمى کوردستان کۆبوونەتەوە و تەوەرى سەرەکیی کۆبوونەوەکە جێبەجێکردنى سیستمى "ئەسیکۆدا" بووە لە دەروازەکانى هەرێمى کوردستان. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە، ئەم هەنگاوە هاوشێوەی دەروازەکانی تری عێراقە و ئامانج لێی پشتیوانیی مۆدێرنکردنى سیستمى گومرگییە لە سەرتاسەرى وڵاتدا.
دەستەى گشتیی گومرگى عێراق جەختى کردووەتەوە کە حکومەتی فیدراڵی پشتیوانی لە کارى گومرگى لە هەرێمى کوردستان دەکات. ئاماژە بەوەش کراوە کە بەغداد ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنى هەموو جۆرە هاوکارییەکی تەکنیکى بە هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک کە کارى دەروازەکان ڕێکبخرێتەوە و ئەم پڕۆسەیەش ببێتە هۆى پەرەپێدانى ئابووریى نیشتمانی.
هەفتەى ڕابردوو هەرێمى کوردستان و بەغداد ڕێککەوتن سیستمى ئەسیکۆدا بە ڕەچاوکردنى یاساکانى هەرێمى کوردستان لە دەروازە سنوورییەکان جێبەجێبکرێت. پاش ئەوەی چەند کۆبوونەوەیەک لە بەغداد ئەنجامدرا، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێر بۆ ڕێککەوتن بووە لەسەر جێبەجێکردنى وردەکارییە تەکنیکییەکانی ناو سیستمەکە و چۆنیەتی کارکردن پێی لە داهاتوودا.