ئێران: کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بۆ هەمیشە لەدەستی ئێراندا دەمێنێتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند، لە جەنگی 40 ڕۆژی ڕابردوودا وڵاتەکەی 7 سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە و تەواوی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی ڕژێم یان لاوازکردنی سوپا تووشی شکست بوون. دەشڵێت، ڕێگە نادەن هیچ هێزێک دەستوەردان لە گەرووی هورمز بکات.
حەوت سەرکەوتنەکەی تاران
شەوی ڕابردوو، ڕەزا تەلایی نێک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە تاران ڕایگەیاند کە ئێران توانیویەتی "7 سەرکەوتنی ستراتیژی" بەدەستبهێنێت. بە گوتەی ئەو، گرنگترین سەرکەوتنەکان بریتی بوون لە: پاراستنی خاکی ئێران لە پارچەپارچەبوون، شکستهێنان بە هەوڵەکانی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، و ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێک لە گەرووی هورمز. تەلایی نێک جەختی کردەوە کە ئەم ڕێڕەوە ئاوییە بۆ هەتاهەتایە لەژێر دەسەڵاتی تاراندا دەمێنێتەوە.
شکستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کرد کە دوژمنان نەیانتوانی ئاژاوەی ناوخۆیی دروست بکەن یان یەکگرتوویی نیشتمانیی ئێرانییەکان تێکبدەن. ئەو وتی: "هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکەی دژی ئێران شکستی خوارد و دوژمنان نەیانتوانی بەسەر هێزی سەربازیی ئێمەدا زاڵ بن." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا ئێران لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە.
سێ ئامانجی داهاتوو
تاران ڕایگەیاند کە هێشتا 3 ئەرکی دیکەیان لەبەردەم ماوە کە یان لە مەیدانی جەنگ یان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە جێبەجێیان دەکەن. ئەو ئامانجانەش بریتین لە: سزادانی ئەو لایەنانەی دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئێران، وەرگرتنی قەرەبووی تەواوی ئەو زیانانەی لە جەنگەکەدا بەر وڵاتەکە کەوتوون، و بنبڕکردنی هەڕەشەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایشی بەردەوام.
ڕاوکردنی فڕۆکە پێشکەوتووەکان
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، تەلایی نێک باسی لە زیانە سەربازییەکانی بەرەی بەرامبەر کرد و وتی: "پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاسمانی ئێران ڕاوکران." هەروەها ڕاشیگەیاند کە بەشێکی زۆر لە فڕۆکەکانی دوژمن، پێش ئەوەی بفڕن، لە ناو بنکە سەربازییەکانیاندا لەسەر زەوی تێکشکێندراون.
13/04/2026