زيانە داراييەکانی گەمارۆی دەريایی بۆسەر ئێران
ئەمڕۆ گەمارۆی سەربەندەرەکانى ئێران دەچێتە ڕۆژی دووەمەوە، بەگوێرەی خەمڵاندنە ئابوورييەکان بەهۆی ئەو گەمارۆيەوە تاران ڕۆژانە 435 مليۆن دۆلار زيانی بەردەکەوێت، کە 276 مليۆن دۆلاری لە هاناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پترۆکيمياييەکانە.
زیانە داراییەکان لە مانگێکدا
ئەو زيانە لە مانگێکدا، دەگاتە 13 مليار دۆلار و لە ساڵێکدا دەگات 53 مليار دۆلار.
لەسەر بنەمای بڕی هەناردەی ڕۆژانە
خەمڵاندنەکە لەسەر بنەمای هەناردەکردنی يەک مليۆن و 500 هەزار بەرميل نەوتە لە ڕۆژێکدا بە نرخی ئێستا کە بە 87 دۆلار دانراوە، لەکاتێکدا %90ی نەوتی ئێران لە ڕێگەی دوورگەی خارگ و لە گەروی هورمزەوە تێدەپەڕێت.
توانای بەرگە گرتنی ئێران
شارەزایانى بوارى نەوت لەوبڕوایەدان ئەگەر گەمارۆکە سنوورداربێت و چەند هەفتەیەک بخايەنێت ئێران دەتوانێت سەرکەوێت بەسەريدا، چونکە خاوەنی چەند کەشتييەکی کۆگاکردنی نەوتە کە هاوشێوەى دامەزراوەيەکن لە دەریای عومان، کە بە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی تيادا هەڵگيراوە، ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی بتوانێت بۆ ماوەی 10 تاوەکو 14 ڕۆژ نەوت هەناردە بکات.
بابەتە هەناردەکراوەکان جگە لە نەوت
هەرچى بەرهەمە نانەوتييەکانە،زۆرينەیان لەرێگەى دەریاییەوەیە، وەک بەرهەمە پترۆکيميایەکان و کانزا و سەمادە، کە لەڕێگەی بەندەرەکانی باشووری ئێرانەوە بەرەوە چين و ئاسيا دەنێردرێت.
نيوەی هەناردەی بەرهەماکانيشی لە ڕێگەی وشکانييەوە دەنێردرێت بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک، عێراق، تورکیا و ئەفغانستان، نيوەی ديکەی بەرهەمە نانەوتييەکان لەڕێگەی کەنداوی فارسەوە هەناردە دەکرێت.
بەرهەمە هاوردەکان
سەبارەت بە هاوردەکردن و کەلوپەلی سەرەتایی، ئێران ساڵانە 40 ملیۆن تۆن کاڵا هاوردە دەکات، کە 25 ملیۆنیان کاڵای سەرەتایین وەک بەرهەمە خۆراکييەکان، زەيت و ئاليک.
کەمبوونەوەی پارچەی یەدەگ
ئەو گەمارۆیە دەکرێت ببێتە هۆی کەمیی پارچەی یەدەگ و ئامێرە کارەباییەکان و بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان، ئەمەش نرخەکان بەرزدەکاتەوە و پیشەسازییە ناوخۆییەکان کێشەیان بۆ درووستدەبێت.
زیادبوونی کورتهێنانی بودجە
گەمارۆی درێژخايەنیش، دەبێتە هۆی زيادبوونی کورتهێنانی بودجە ئەوەش بەهۆی کەمکردنی داهاتی هاوردەکردنەوە.
گەمارۆکان چی ناگرێتەوە؟
سەبارەت بەوەى کە گەمارۆکان هەموو پێویستییەکان دەگرێتەوە، وەک خۆراک و دەرمان ياخود تەنيا نەوت و بەرهەمەکانيەتی.
لەوبارەیەوە فەرماندەی ناوەندی ئەمريکا ناسراو بە سێنتکۆم، لە رێگەى راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکردووە، ئەوان ڕێگە بە تێپەڕاندنی بارە مرۆییەکان دەدەن، لەوانە خۆراک، پێداویستییە پزیشکییەکان و کاڵا سەرەکییەکانی دیکە، ئەوەش بە مەرجی پشکنین.
سوپای ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ڕوونی کردەوە کە گەمارۆدانی گەرووی هورمز کەنداوی عومان و دەریای عەرەبی دەگرێتەوە، داتاکان دەریانخستووە بەهۆی کاريگەری گەمارۆکەوە دوو کەشتی لە گەرووەکەدا گەڕاونەتەوە بۆ بەندەرەکانی ئێران، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران ئەوەى پشتڕاست نەکردووەتەوە.
14/04/2026