واشنتن پۆست: ئەمریکا بە هەزاران سەربازی دیکە فشارەکانی سەر ئێران توندتر دەکات

ژمارەیەک کەشتیی جەنگیی ئەمریکا
ژمارەیەک کەشتیی جەنگیی ئەمریکا

پێنتاگۆن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێزێکی گەورەی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەست و هەوڵەکانی واشنتن بۆ ناچارکردنی تاران بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی.

ناردنی هێزی نوێ و فڕۆکەهەڵگری جۆرج بوش

ڕۆژنامەی "Washington Post"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، پنتاگۆن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە هەزاران سەرباز ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، نزیکەی 6,000 سەرباز لە ڕێگەی فڕۆکەهەڵگری (George H.W. Bush) و ژمارەیەک کەشتیی سەربازییەوە دەگەنە ناوچەکە بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی ئەمریکا.

گەیشتنی یەکەی هێزی دەریایی لە کۆتایی مانگدا

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 4,200 سەربازی دیکە کە بەشێکن لە کۆمەڵێک گرووپی سەربازیی جیاواز، لەوانە یەکەی هێزی دەریایی، لە کۆتایی ئەم مانگەدا بگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هێزانە وەک پاڵپشتییەکی زیاتر بۆ هێزە جێگیرکراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێن.

قەبارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕاگەیاندنی ناردنی ئەم سەربازانە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا کە بەشداربوون لە شەڕی ئێران و ژمارەیان بە 50,000 سەرباز دەخەمڵێندرێت، تاوەکو ئێستا لە شوێنەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماونەتەوە. بە هاتنی هێزە نوێیەکان، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ سەروو 60,000 سەرباز بەرز دەبێتەوە.

فشار بۆ سەر تاران و کۆتاییهاتنی ئاگربەست

ناردنی ئەم هێزە نوێیانە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی 22ی نیسان، کە تێیدا ئاگربەستی کاتیی نێوان ئێران و ئەمریکا کۆتایی دێت. واشنتن پۆست نووسیویەتی، ناردنی ئەم هێزە زیادەیە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر ئێران و بژاردەی سەربازیی زیاتر دەداتە دەست فەرماندەیی هێزی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، تاوەکو لە ئەگەری شکستی دانوستانە ڕاستەوخۆکان بەرامبەر ئێران بەکاریان بهێنێت.