بڕیارەکانی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی هەولێر و دهۆک جێبەجێنەکراون

یەکێک لە پاڵاوگە نایاساییەکان لە شاری هەولێر، فۆتۆ: ئەیوب وەرتی - کەناڵ8
یەکێک لە پاڵاوگە نایاساییەکان لە شاری هەولێر، فۆتۆ: ئەیوب وەرتی - کەناڵ8

دوو بڕیار و فەرمانى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆک جێبەجێنەکراون.

ژمارەی پاڵاوگە نایاساییەکان لە هەولێر و دهۆک

لە هەولێر 138 پاڵاوگەى نایاسایى، دهۆک 15 پاڵاوگەى نایاسایى، بەڵام لە سلێمانى هیچ پاڵاوگەیەکى نایاسایى نییە.

بڕیاری داخستنیان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

سەنعان عەبدوڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کەناڵ8ـی گوت "لەگەڵ ئەوەى پاڵاوگە نایاساییەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى پیسبوونى ژینگەى هەرێمى کوردستان دادەنرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارى داخستنى پاڵاوگەکان نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە".

ژمارەی پاڵاوگە داخراوەکانی هەولێر و دهۆک

ڕوونیکردەوە، لە شارى هەولێر تەنیا 85 پاڵاوگە و لە دهۆکیش 8 بۆ 10 پاڵاوگە داخراون.

فەرمانی سەرۆکی حکومەت بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان

کارکردنى پاڵاوگە نایاساییەکان لەو دوو پارێزگایە لە کاتێکدایە ڕۆژی هەشتی شوباتی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانى هەرێمى کوردستان واژۆی لەسەر فەرمانی ژمارە (483) کرد کە تایبەت بوو بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان.

لێدوانی پارێزگاری هەولێر

لە چوارى ئابی 2024 پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند، لەپێناو ژینگەى پارێزگاکە، بڕیاریانداوە لە ماوەى 10 ڕۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانى پارێزگاکە دابخەن کە ژمارەیان 138 پاڵاوگەیە.

کۆتا بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کۆتا بڕیاریش لە یەکى 12ـى 2025 بوو کاتێک مەسرور بارزانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

لە خاڵی یەکەمی بڕیاری کۆبوونەوەکەدا هاتبوو "لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".