
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـى نیسانى 2026، دواى داخستنى بۆ ماوەى زیاتر لە 13 ساڵ، بەشێوەیەکى فەرمى دەروازەى سنووریى ڕەبیعە لە نێوان عێراق و سووریا کرایەوە.
پەیامنێرى کەناڵ8، ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ بە ئامادەبوونى پارێزگارى نەینەواو ژمارەیەک لە بەرپرسانى باڵاى حکومەتى عێراق دەروازەکە کرایەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، شاندى حکومەتى عێراق بەهاوبەشى لەگەڵ شاندى سووریا پشکنیان بۆ دەروازەکە کردووە و بڕیارە لە ماوەى یەک هەفتەى یەکەمدا تەنیا وزەى لێوە هەناردەبکرێت و دواتریش ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەستپێدەکات.
دەروازەى سنووریى ڕەبیعە دەکەوێتە باکوورى ڕۆژئاواى پارێزگاى نەینەوا لە شارەدێى ڕەبیعە و لەلایەنى سووریاوە پێی دەگوترێت یەعروبییە و 120 کیلۆمەتر لە شارى موسڵ و 525 کیلۆمەتر لە شارى بەغدادەوە دوورە.
پێشتریش، محەممەد ئەهریس، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، دەروازەکە ڕۆڵێکى گەورەى دەبێت لە چالاککردنى جموجۆڵى بازرگانى و وەبەرهێنان و هێزى کار لە پارێزگاکە و دەشڵێت، دەکرێت دەروازەکە بکرێتە ترانزێت بۆ دەوڵەتانى دیکەش.
لاى خۆیەوە، سەعد ئەلوەزان، شارەزاى ئابووری بە کەناڵ8ى ڕاگەیاند، کردنەوەى دەروازەکە بۆ لایەنى ئابووریى پارێزگاى نەینەوا بەتایبەتى ناوچەى ڕەبیعە و دەوروپشتى گرنگییەکى زۆرى هەیە.
ئاماژەى بەوەشکرد، چاوەڕواندەکرێت قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەو دەروازەیە مانگانە ملیۆنان دۆلار بێت.