کارزان کاردۆزی ناونیشانی نوێترین فیلمی سینەمایی خۆی ئاشکرا کرد
لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیی نوێدا لەسەر هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، نووسەر و فیلمسازی ناسراوی کورد، کارزان کاردۆزی، ناونیشانی نوێترین فیلمی سینەمایی خۆی ئاشکرا کرد.

"شەو هەمیشەییە و ڕۆژ بوونی نییە"
بەگوێرەی ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکە، کە هاوپێچ لەگەڵ یەکەم پۆستەری فیلمەکەدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، فیلمی داهاتووی کارزان کاردۆزی، بە ناونیشانی "ئەنفا 8" بڵاودەکرێتەوە.

کارزان دەنووسێت، "پۆستەری فیلمی ئەنفا 8، سەرچاوەی گرتووە لە پۆستەری فیلمی ئەلفاڤێل 1965ی ژان لوک گۆدار"، کە لە ئاستی ناوەڕۆکدا، ئەم فیلمە لەبارەی دەسەڵاتدارییە، "لە شاری سۆلێ، کە دەسەڵاتدارییەتی دەکرێت لەلایەن ئەنفا 8، شەو هەمیشەییە و ڕۆژ بوونی نییە، خۆرەس لە هێزی شۆپاژۆ، ڕاوی ئەندامانی گرووپێکی خۆرپەرست دەکات."

کارزان کاردۆزی سکرینپلەی بۆ نووسیوە
ئەم فیلمە، لە نووسین و بەرهەمهێنانی کارزان کاردۆزییە، لانە دیار کاری سینەماتۆگرافیی بۆ کردووە و ئاریان مستەفا یاریدەدەریەتی، ڕەوند هیوا بەڕێوەبەری ڕووناکییە و ئاوارە عەبدوڵڵا گەڵاڵەیی کاری دەنگی بۆ کردووە، ماکیاژی ئەکتەرەکانیش لەلایەن لانیا کاژاو ئەنجامدراوە.
ژمارەیەک لە دیارترین ئەو ئەکتەرانەی لەم فیلمەدا بەشدارییان کردووە، بریتین لە: بەرزان یونس، کەنار سەرچڵ، تەها محەممەد، فەرهاد سەعدی و 11 ئەکتەری دیکە.

22/04/2026