رووماڵی کەناڵ8

ڕۆژى سێشەممە، 27ـى تشرینى یەکەمى 2026، هەڵبژاردنى کنێستى ئیسرائیل بە بەشدارییەکى فراوان بەڕێوەچوو، ئەو هاوپەیمانییەى نەتانیاهوو سەرۆکایەتیى دەکات کورسى زیاترى هێناوە، بەڵام نەگەیشتووەتە 61 کورسى لە کۆى 120 کورسى کنێست.
ئەنجامى 94%ـى دەنگەکان؛ بەرەى نەتانیاهوو پێشەنگە و حیزبە عەرەبییەکان 19 کورسى

هیچ کام لە بەرەکان نەگەیشتوونەتە ئەوەى بە تەنیا حکومەت پێکبهێنن.
پێکهێنانى حکومەت پێویستى بە 61 کورسى کنێست هەیە.
چەند سیناریۆییەک لە ئارادان یەکێکیان هەڵبژاردنى پێشوەختەیە.
ئەنجامە بەراییەکانى جیاکردنەوەى نزیکەی 94%ـىی دەنگى هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەریدەخەن کە بەرەى بنیامین نەتانیاهوو بە 53 کورسی پێشەنگی گرتووە، بەڵام ناگاتە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەرەى ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیى گادى ئایزنکۆت 48کورسی.
لایەنە عەرەبییەکان دەستکەوتی بەرچاویان بەدەستهێنا و نزیکەی 19 کورسییان لە کنێست مسۆگەر کردووە.
ئەم ئەنجامانە لە کاتێکدایە سێ سیناریۆى دیار بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئارادان، حکومەتی نۆبە بە نۆبە، حکومەتی کەمینە، یان هەڵبژاردنی نوێ.
نەتانیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە

ئەنجامى هەڵبژاردنەکەى ئیسرائیل بۆ هیچ کام لە بەرەکان یەکلاکەرەوە نەبووە.
بەرەى نەتانیاهوو لە پێشتر و چانسى مانەوەى زیاترە.
حیزبە عەرەبییەکان دەتوانن ڕۆڵى یەکلاکەرەوە بگێڕن.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بڕیارە بنیامین نەتانیاهوو وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەرى ئیسرائیل بمێنێتەوە، دوای ئەوەى هەڵبژاردنەکە یەکلاکەرەوە نەبوو، پشتیوانییەکی بەهێزی چاوەڕواننەکراوی دەنگدەرانی جووى وەرگرت، چانسى ڕکابەرەکانى بۆ دوورخستنەوەى کەمبووەتەوە.
بەرەى نەتانیاهوو لە پارتە ڕاستڕەوەکان، ڕاستڕەوی توندڕەو و ئاینییە توندڕەوەکان پێکهاتووە.
نزیکەی 86%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە.
پێشبینی دەکرێت 53 کورسی بەدەستبهێنێت.
بەرەى ئۆپۆزسیۆن و گادى ئایزنکۆتى ڕکابەرى 48 کورسی.
لایەنە عەرەبییەکان ئەنجامێکی بێ وێنە و 19 کورسییان بردووەتەوە.
ڕۆیتەرز، ئاماژە بەوە دەکات هێشتا ئەنجامەکان دەگۆڕدرێن لەگەڵ بەردەوامی ژماردنی دەنگەکان. دەنگى بەرەى ئایزنکۆت لە پێشبینییەکانی پێش هەڵبژاردنەکان کەمتر بوو، کە پێشبینی پێشبڕکێیەکی نزیک دەکرا.
چاوەڕوان دەکرێت نەتانیاهوو لە کاتی دانوستانەکاندا بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نوێ یان تەنانەت هەڵبژاردنێکی دیکە لە ساڵی داهاتوودا بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی حکومەتی کاربەڕێکەر، لەگەڵ ئەوەی حکومەتەکەی دەسەڵاتەکانی خۆی دەپارێزێت، لەوانە ئەوەی پەیوەندیی بە جەنگى ئێرانەوە هەیە، سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەر حکومەتە کاربەرێکەرەکاندا سەپێنراون، کە پێویستیان بە خۆگرتن هەیە و شوێنی مانۆڕکردنیان لە هەندێک بواردا سنووردار دەکات.
هاوپەیمانیی عەرەبی: ئامادەین بۆ پشتیوانیکردن لە هەر حکومەتێک نەتانیاهوو دوور بخاتەوە

حیزبە عەرەبییەکانى ئیسرائیل بوونەتە دژە نەتانیاهوو.
هاوپەیمانى عەرەبى: ناچینە ناو هاوپەیمانى ئۆپۆزسیۆنەوە.
هاوپەیمانى عەرەبى: ئەگەری هەیە لە دەرەوە پشتگیری لە حکومەتێکی نوێ بکەن.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، جەبارین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی لە حکومەت، لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا ڕەتکردەوە و گوتی: "لە ژێر بارودۆخی سیاسیی ئێستا نابین بە بەشێک لە هاوپەیمانییەکی حوکمڕان لە ئیسرائیل، بە تایبەت بە لە بەرچاوگرتنی شەڕی بەردەوامی غەززە و زیادبوونی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێکردن لە کەناری ڕۆژئاوا، جەختی لەوەش کردەوە، بە ئامانجی دوورخستنەوەی نەتانیاهوو لە حکومەت، ئەگەری ئەوە هەیە بتوانن لە دەرەوە پشتگیری لە حکومەتێکی نوێ بکەن.
ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانیی عەرەبی، بژاردەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆن دەخاتە ڕوو.
بەڵام ئەم هەڵوێستە نابێتە هۆی ڕێککەوتنێک بۆ پشتگیریکردن لە هیچ هاوپەیمانییەکی دیاریکراو.
زۆرینەی پێویست لە کنێست دەستەبەر نابێت.
ئەم بۆچوونەی هاوپەیمانیی عەرەبی لەکاتێکدایە، بەگوێرەی جیاکردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان، تاوەکو ئێستا هیچکام لە بەرەی نەتنیاهوو و ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانیوە 61 کورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن، تاوەکو بتوانن حکومەتێکی زۆرینە پێکبهێنن، لەکاتێکدایە مەرجی سەرەکیی پێکهێنانی حکومەتی ئیسرائیل 50+1ـی دەنگەکانی پەرلەمان 'کنێست'ـە، کە لە 120 کورسی پێکهاتووە.
سەرۆکی ئیسرائیل: هەفتەی ئایندە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنم پێدەگات

سەرۆکی ئیسرائیل: ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتییان لە هەڵبژادندا نایاب بوو.
سەرۆکی ئیسرائیل: دەبێت هەوڵبدەین نەچینە گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردن.
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا ستایشی ڕێژەی بەشداریی مێژوویی دەنگدەرانی کرد.
هەفتەی داهاتوو ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی دەگاتە سەرۆکایەتى کۆمار.
سەرۆکى ئیسرائیل دوای ئەوەش دەست بە ڕاوێژ لەگەڵ پارتە جیاوازەکان دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت.
پێویستە سەرجەم لایەنەکان هەوڵی تەواو بخەنە گەڕ تاوەکو حکومەت پێکبهێنرێت.
پێویستیان بەوە نەبێت گەڕێکی دیکەی هەڵبژاردن لە وڵاتەکە ببەن بەڕێوە.
سەرۆکی ئیسرائیل سەرۆکی ئەو پارتە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
هیچ دەقێکیش نییە ناچاری بکات بە ئەنجامدانی ئەم کارە و دەتوانێت سەرۆکی پارتێکی دیکەش ڕابسپێرێت.
ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردن نزیکەی 78%ـە و ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لە ساڵی 1999ـەوە.
عەرەبەکانی ئیسرائیل بە ئەنجامی هەڵبژاردن دڵخۆشن

پووختەى ڕاپۆرتەکە
· دەنگدەرانی عەرەب لە ئیسرائیل داوای مافەکانیان و بەرەنگاربوونەوەی تاوان دەکەن.
· دەنگدەرێکی عەرەب: ئەم حکومەتە خراپترین حکومەت بوو.
· عەرەبەکان تاوەکو ئێستا 19 کورسییان بەدەستهێناوە.
عەرەبی ئیسرائیل، خۆشحاڵن بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمساڵی کنێست و هیواخوازن ئەم هەڵبژاردنە مافەکانیان مسۆگەر بکات. بەگوێرەى ئەنجامی بەرایی، تاوەکو ئێستا 19 کورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش زۆرترین ڕێژەی کورسییە لەو وڵاتە تاوەکو ئێستا بەدەستیان هێنابێت.
عەرەبەکان لە هەڵبژاردنى کنێست و هۆکارەکانى دەنگدانیان:
· دەنگدەرێکی عەرەب: ئەنجامی هەڵبژاردنە بۆ عەرەبەکان نایابه.
· دەنگدەرێکی عەرەب: هیواخوازم ئەو هەڵبژاردنە بەشێک لە مافە لە دەستدراوەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە
· زۆریی ڕێژەی تاوان لە ناوچە عەرەبنشینەکان، پاڵنەرێکی سەرەکی بووە بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن
ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لەناو ئیسرائیلدا ماونەتەوە دوای جەنگی 1948 ئێستا بۆ نزیکەی 20%ـی کۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە بەرزبووەتەوە، بەهۆی ژمارەی ئەو کورسییانەی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستیانهێناوە، دەبنە خاڵی یەکلاکەرەوەی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی ئیسرائیل.
هەرچەندە بەرەی نەتانیاهوو لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان ژمارەی کورسییەکانی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن زیاترە، بەڵام هیچکام لەو دوو لایەنە ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، چونکە 50+1ـی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستنەهێناوە، کورسیی عەرەبەکان دەتوانێت لە پێکهێنانی حکومەتدا خاڵی یەکلاکەرەوە بێت.
نەتانیاهوو دژی هەر بەشدارییەکی پارتە عەرەبییەکانە لە کابینەی حکومەت، بەڵام ئایزەنکۆت کە سەرکردایەتیی بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەکات، تاوەکو ڕادەیەک کراوەیە بەڕووی هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ عەرەبەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
85.6% دەنگەکان؛ بەرەى نەتانیاهوو 53 ئۆپۆزسیۆن 48 کورسییان بەدەستهێناوە

لیژنەى بەرایى هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیل:
%85.6ـى دەنگەکان جیاکراونەتەوە.
بەرەى نەتانیاهوو 53 کورسى بەدەستهێناوە
بەرەى گادی ئایزنکۆت-ئۆپۆزسیۆن 48 کورسیان بەدەستهێناوە.
حیزبە عەرەبییەکان 19کورسیان بەدەستهێناوە.
بەرەى نەتانیاهوو 54 و ئۆپۆزسیۆن 49 کورسی بەدەستهێناوە

ئەنجامى بەرایى:
لیژنەى بەرایى هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیل:
%84.5ـى دەنگەکان جیاکراونەتەوە.
بەرەى نەتانیاهوو 54 کورسى بەدەستهێناوە
بەرەى گادی ئایزنکۆت-ئۆپۆزسیۆن 49 کورسیان بەدەستهێناوە.
حیزبە عەرەبییەکان 17 کورسیان بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی داتا فەرمییەكان لیژنەی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، ژمارەی ئەو دەنگانەی تاوەکو ئێستا ئەژمارکراون گەیشتووەتە 4.421.561 دەنگ، لە کۆی 7.331.981 دەنگدەری تۆمارکراو. ژمارەی دەنگە دروستەکان 4.401.898 دەنگ بووە، لە بەرامبەردا 19.663 دەنگی پووچەڵ هەبووە، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش 10.165 بنکەی دەنگدانی گرتووەتەوە.
لەسەر ئاستی دەنگەکان، پارتی لیکۆد بە بەدەستهێنانی 917.371 دەنگ و بە ڕێژەی 20.84٪ لە پێشەنگی ئەنجامەکاندایە، دوای ئەویش پارتی یەشار بە 723.703 دەنگ و بە ڕێژەی16.44٪ دێت. پارتی مەعەن بە 402.265 دەنگ و بە ڕێژەی 9.14٪ لە پلەی سێیەمدا هاتووە، لە کاتێکدا لیستی هاوبەش بە 400.848 دەنگ و بە ڕێژەی 9.11٪ لە پلەی چوارەمدا جێگیر بووە.
بەگوێرەى ئەنجامە نوێکراوەکان، پارتی لیکۆد بە سەرکردایەتیی نەتانیاهوو بە بەدەستهێنانی 27 کورسی لە پێشەنگی دابەشکردنی کورسییەکاندایە، دوای ئەویش پارتی یەشار بە سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت بە 22 کورسی دێت، لە کاتێکدا لیستی هاوبەش و پارتی مەعەن بە سەرکردایەتیی نەفتالی بێنێت هەر لایەک متمانەی 11 کورسییان بەدەستهێناوە.
بەرەى نەتانیاهوو 54 کورسى؛ ئۆپۆزسیۆن 47 کورسى

لیژنەى بەرایى هەڵبژاردنەکانى ئیسرائیل:
70%ـى دەنگەکان جیاکراونەتەوە.
بەرەى نەتانیاهوو 54 کورسى بەدەستهێناوە
بەرەى گادی ئایزنکۆت-ئۆپۆزسیۆن 47 کورسیان بەدەستهێناوە.
حیزبە عەرەبییەکان 19 کورسیان بەدەستهێناوە
چوار سیناریۆ بۆ پێکهێنانی حکومەت لە ئیسرائیل
.jpg)
نەتانیاهوو و ئایزنکۆت لە ڕکابەرى تونددان.
ژمارەیەک سیناریۆ بۆ پێکهێنانى حکومەتى ئیسرائیل هەن یەکێکیان هەڵبژاردنى پێشوەختەیە.
ئەوەى بتوانێت هاوپەیمانى لە کنێست پێکبهێنت، حکومەتى لە دەست دەبێت.
سێشەممە ئیسرائیلییەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگیاندا، ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لە ماوەی دە ساڵدا زۆرترین و 77.7% بوو، بەڵام هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن بەتەنیا حکومەت پێکبهێنن، ئەگەرچى نەتانیاهوو کەمێک لە پێشترە، چاوەڕوان دەکرێت حیزبە عەرەبییەکان یەکلاکەرەوە بن.
کێبڕکێ و شان لە شاندان لەنێوان دوو بلۆکى سەرەکیدایە.
بەرەى بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران.
بەرەى گادی ئایزنکۆتی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن.
پێشبینی دەکرێت یەکەمیان 52 کورسی و دووەمیان 49 کورسی بەدەستبهێنێت.
دوو پارتە عەرەبییەکە دەستکەوتی بەرچاویان بەدەستهێناوە، لە ڕاپرسییەکاندا لە نێوان 18 بۆ 19 کورسییان بردووە.
بەڵام دوو پارتە گەورەکە دوورن لە زۆرینەی 61 کورسی پەرلەمان (کنێست)، واتە هەر لایەکیان لە پێکهێنانى هاوپەیمانى سەرکەوتوو بێت دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
لایەنەکان دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاستی 61 کورسی لە کنێست کە 120 کورسییە، بەڵام پێدەچێت گەیشتن بەم کارە ئاڵۆز بێت.
ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی ئیسرائیل ڕاوێژ لەگەڵ نوێنەرانی پارتەکە دەکات و ئەو بەربژێرانە دیاری دەکات کە زۆرترین ئەگەری پێکهێنانی حکومەتیان هەیە. مەرج نییە ئەم بەربژێرە لەو حیزبە بێت کە زۆرترین کورسی هەیە، بەڵکو ئەو بەربژێرە بێت کە باشترین پێگەی هەیە بۆ ئەوەی کورسی پێویستی پەرلەمان دەستەبەر بکات.
لایەنە عەرەبییەکان بە تایبەتی لیستی هاوبەش (ڕەعم)، کراوەیی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی ئایزنکۆت دەربڕیوە. بەڵام ئایزنکۆت پێی باشترە خۆی لێیان دوور بخاتەوە، پشتیوانیکردنیان بە بارگرانی دەزانى لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا.
لە بەرامبەردا هاوپەیمانیی نەتانیاهوو هیچ بژاردەیەکی ڕوونی نییە بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر، دوای ئەوەی چەند پارتێکی بچووکی ڕاستڕەو نەیانتوانی بەربەستی هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنن.
ئەم دانوستانانە ڕەنگە قورس و درێژخایەن بن، بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی لایەنەکان بەبەرژەوەندییەکانیانەوە، کە دەتوانێت ببێتە هۆیپێکهێنانى حکومەتێکى ناسەقامگیر.
دوای ئەوەی دوایین ھەڵبژاردن کە لە تشرینی دووەمی 2022 کرا، نەتانیاھوو پێویستی بە 58 ڕۆژ بوو بۆ پێکھێنانی حکومەتەکەی.
ئەگەر هەر بلۆکێک نەتوانێت 61 کورسی دەستەبەر بکات، بەربژێرێک دەتوانێت بەبێ زۆرینە هەوڵی حوکمڕانی بدات.
لەم سیناریۆیەدا، ئەندامانی کەمینەی عەرەب کە لەسەدا 20ـی دانیشتووان پێکدەهێنن، دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.
لیستی یەکگرتووی عەرەبی (ڕەعم) بە سەرۆکایەتیی مەنسوور عەباس، پێشتر ڕۆڵی پاشاسازیی گێڕاوە، بووە یەکەم پارتی عەرەبی کە پەیوەندی بە حکومەتێکی ئیسرائیلەوە بکات وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەک کە بۆ ماوەیەکی کورت لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2022 بە سەرکردایەتیی نەفتالی بێنت و یایر لاپید حوکمڕانی کرد.
ڕەعم، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ بلۆکی ئایزنکۆت، لە کاتێکدا لیستی هاوبەش پێشنیازی دابینکردنی "تۆڕی سەلامەتی" بۆ هەر هاوپەیمانییەک دەکات کە نەتانیاهوو لە دەسەڵات دەربکات.
بە گوتەی شرۆڤەکاری سیاسی تال ئێلۆڤیتز، ڕێژەی بەرزی دەنگدەران لەنێو عەرەبەکاندا بەشێوەیەکی نائاسایی"ئاماژەیە بۆ خواستێکی بەهێز بۆ هاوبەشی".
ئایزنکۆت بە ئاشکرا هیچ ئامادەیییەکی پیشان نەداوە تەنانەت ئەم ئەگەرەش لەبەرچاو بگرێت، لە کاتێکدا نەتانیاهوو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بە دەنگدەرانی جووەکانی ڕاگەیاندووە، دەنگدان بە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت عەرەبەکان بهێنێتە ناو حکومەتەوە.
هەرچەندە بە لەبەرچاوگرتنی جەمسەرگیری توندی ناوى ئیسرائیل، بژاردەی پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی بە دوور دەزانرێت، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە. شرۆڤەکارانی سیاسی ئیسرائیل چەندین جار باسیان لە ئەگەری دروستبوونی حکومەتێکی یەکگرتوویی نیشتمانی کردووە کە تیایدا نەتانیاهوو دەستبەرداری هاوپەیمانە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی و پارتە ئاینییەکان بێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئایزنکۆت پێکبهێنێت، کە لە زۆرێک لە پرسە ئەمنییەکاندا هاوڕان. هاوپەیمانییەکی گەورەی لەم شێوەیە لایەنە عەرەبییەکان بەدەر دەکات.
ڕاپرسییەک کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر بڵاوکرایەوە، دەریخست کە55%ـی ئیسرائیلییەکان حکومەتی یەکگرتوویی نیشتمانییان پێ باشترە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ، مەگەر ئەنجامەکەی زۆرینەی ڕوون نەبێت.
بەڵام ئەم سیناریۆیە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند دەبێتەوە لەلایەن هەردوو لایەنەوە، بەتایبەتی لەلایەن بلۆکی ئۆپۆزسیۆنەوە، کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر دەرکردنی نەتانیاهوو و وێناکردنی وەک ناشایستە بۆ سەرکردایەتیکردن بونیاد ناوە.
چوارەم؛ بنبەست و هەڵبژاردنی نوێ ئەگەر هیچ بەربژێرێک لە پێکهێنانی حکومەت سەرکەوتوو نەبێت، ئیسرائیل ناچار دەبێت جارێکی دیکە هەڵبژاردن بکاتەوە.
وڵاتەکە چوار هەڵبژاردنی لە نێوان نیسانی 2019 تاوەکو ئازاری 2021 کردووە، چونکە سیاسەتمەداران نەیانتوانی هاوپەیمانییەکی بژاردەیی پێکبهێنن.
ئەو بەربژێرەی سەرۆک کۆمار هەڵیدەبژێرێت، لە بنەڕەتدا، 28 ڕۆژی دەبێت بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەی 14 ڕۆژ، هەرچەندە ڕێگەی ڕێکارەکانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی دەستبەجێ داوای هەڵبژاردنی نوێ نەکات.
ئەنجامى بەرایى: نەتانیاهوو لە پێشە

پارتی لیکودی ڕاستڕەوی نەتانیاهوو و هاوپەیمانەکانی لە کۆی 120 کورسی لە کنێست 56 کورسییان دەستەبەرکردووە.
بەرەى ئۆپۆزسیۆن 49 کورسی.
پارتە عەرەبییەکان 15 کورسی
دیارترین هاوپەیمانەکانى نەتانیاهوو کێن و هەڵوێستی سیاسییان چییە؟
.jpg)
زۆرینەى پارتە توندڕەوەکانى ئیسرائیل هاوپەیمانیى نەتانیاهوون.
لە دژایەتى دەوڵەتى فەڵەستین و ئۆردووگا جوونشینەکان هاوڕان.
بەشێک لە هاوپەیمانەکانى پارتى ئاینین و داواى بەردەوامبوونى هاوکارییەکان بۆ پەیمانگا ئاینییەکان دەکەن.
پارت و هاوپەیمانە بەشدارەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئیسرائیل، بەسەر دوو بەرەى سەرەکیدا دابەشبوون، پشتیوانانى نەتانیاهوو لەگەڵ بەرەى ئۆپۆزسیۆن و ڕکابەر، چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەرکام لە بەرەکان پێکهێنانى حکومەت ئەرکێکى ئاسان نەبێت.
پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕکابەریی هەڵبژاردنەکانی کنێست دەکات و پشت بە هاوپەیمانییە سیاسییەکانی دەبەستێت کە پارتە ناسیۆنالیست و ئایینییەکانن لە حکومەتەکانی پێشوویدا بەشدارییان کردووە.
لیکود وەک ڕاستڕەو پۆلێن دەکرێت.
ئاڕاستەی ناسیۆنالیستی و سیاسەتی ئابووری دەگرێتەبەر کە پاڵپشتی بازاڕی ئازاد دەکات.
پرسە ئەمنییەکان لە پێشینەی کارەکانی دادەنێت.
نەتانیاهوو دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی دەکات.
ئەو پارتانە بە لیستی جیا لە لیکود بەشدارییان کردووە، بەڵام بە بەشێک لە بنکەى سیاسیی پشتیوانی لە نەتانیاهوو دادەنرێن.
لە نێو هاوپەیمانەکانیدا پارتی "هێزى جووە" هەیە کە ئیتامار بن گەڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکایەتیی دەکات.
بە ڕاستڕەوی توندڕەو پۆلێن دەکرێت.
پارتەکە داوای سەپاندنی سەروەری ئیسرائیل دەکات بەسەر کەناری ڕۆژئاوا و توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان.
بن گڤیر هەروەها داوای دامەزراندنی ئۆردووگاى جوونشین لە کەرتی غەززە کردووە.
لەنێوان بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی و موشێ فەیگلین پێکهێنراوە.
سمۆتریچ پشتگیری لە فراوانکردنی ئۆردووگا جوونیشتەکان دەکات لە کەناری ڕۆژئاوا و سەپاندنی سەروەری ئیسرائیل بەسەریدا.
ئەو دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینییە.
ڕۆیتەرز وەک کەسایەتییەکی ڕاستڕەوی توندڕەو پۆلێنی دەکات.
ئارییە دێری سەرۆکایەتیی دەکات.
بە پلەی یەکەم نوێنەرایەتی جووەکانی "حەریدیم" بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتى دەکات. گرنگی بە پەروەردەی ئایینی و یارمەتییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی لێخۆشبوون لە خزمەتکردنی سەربازی بۆ خوێندکارانی پەیمانگا ئاینییەکان دەدات.
نوێنەرایەتی جووەکانى حەریدیمى ئەشکەنازی دەکات.
هەڵوێستی هاوشێوە لەبارەی پەروەردەی ئایینی و وەرگرتنی سەربازییەوە دەگرێتەبەر.
داوای پاراستنی بودجەی دامەزراوە پەروەردەیی و ئایینییەکانی سەر بە پەیمانگا ئاینییەکان دەکات.
سندووقەکانی دەنگدان لە ئیسرائیل داخران و جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستیپێکرد
.jpg)
پووختەى هەواڵەکە
کاتژمێر 10ـی شەو بە کاتی ئیسرائیل، 11ـی شەو بە کاتی هەولێر، سندووقەکانی دەنگدان داخران.
ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل گەیشتە 75%.
لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تاوەکو داخستنی سندووقەکان، ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران گەیشتووەتە نزیکەی 75%، ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پێشوودا، ساڵی 2022، ڕێژەی بەشداریکردن نەگەیشتە 70%.
پێشتر پارتی لیکۆد ڕایگەیاند، داواکارییەکیان پێشکەش کردووە بۆ درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان.
گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یاشاری ئیسرائیل: داوای لە لایەنگرانی کرد نەترسن و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
گادی داوایکرد کاتی دەنگدان درێژ نەکرێتەوە.
گادی: نەتانیاهوو دەترسێت، بۆیە داوای درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، ڕێژەی بەشداریکردن لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی، کە ناوچەی عەرەب نشینن، زۆر بەرز بووە، ئەمەشی وەک مەترسییەک ناوبرد و داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن بە پارتی لیکۆد، کە ئەو سەرۆکایەتیی دەکات.
کاتژمێر 7ـی سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سندووقەکانی دەنگدان بەڕووی 7 ملیۆن و 981 هەزار دەنگدەری ئیسرائیلیدا کرانەوە، کە لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە و دەنگیاندا بۆ دەستنیشانکردنی 120 کورسیی پەرلەمانیی وڵاتەکەیان.
کاتژمێر 10ـی ئەمشەو، واتە 11 بە کاتی هەولێر، سندووقەکانی دەنگدان داخران و دەست کرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.
داواکاریی پارتەکەى نەتانیاهوو بۆ درێژکردنەوەى کاتى دەنگدان ڕەتکرایەوە

تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی ئیسرائیل ڕێژەی دەنگدان 66.7% بووە.
بنیامیان نەتانیاهوو چاوەڕێى ئەوەیە ئەمجارەش هەڵبژاردن بباتەوە.
پارتى لیکۆد بە سەرۆکایەتى نەتانیاهوو، دۆخى باش نییە.
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8، لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل داواکاریی پارتەکەی نەتانیاهووی بۆ درێژکردنەوەی کاتی دەنگدان ڕەتکردوەتەوە.
ڕێژەی بەشداریکردن لە ناوچەکانی باشوور، کە ناوچەی عەرەب نشینن، زۆر بەرز بووە.
نەتانیاهوو: ئەمە مەترسییە بۆسەریان.
نەتانیاهوو داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەنگ بدەن بە پارتی لیکۆد.
کاتژمێر 7ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـى تشرینى یەکەمى 2026، سندووقەکانی دەنگدان بەڕووی حەوت ملیۆن و 981 دەنگدەری ئیسرائیلیدا کرانەوە، کە لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە و دەنگ دەدەن بۆ دەستنیشانکردنی 120 کورسیی پەرلەمانیی وڵاتەکەیان. دواى ئەوەى لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، داواکەى پارتى لیکۆد پارتەکەى نەتانیاهووى بۆ درێژکردنەوەى کاتى داخستنى بنکەکانى دەنگدان ڕەتکردەوە، بڕیارە کاتژمێر 10ـی ئەمشەو، واتە 11 بە کاتی هەولێر، سندوقەکانی دابخرێن و دەست بکرێت بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.
ورد و درشتى هەڵبژاردنەکەى ئیسرائیل

کنێست تاکە دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیلە و 120 ئەندامی هەیە.
ئیسرائیل بە 3.7 ملیۆن دەنگدەرەوە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت.
ئەو پارتانەی دەتوانن بەربەستی 3.25%ـی دەنگەکان ببڕن دەچنە کنێستەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 37 پارت و هاوپەیمانیی ڕکابەر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل دەکەن، پێشبینی دەکرێت 13 پارت لە کنێست کورسی بەدەست بهێنن. پارتی لیکود بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیران و پارتی "یاشار" کە بۆ یەکەمجار لە ژێر سەرکردایەتیی گادی ئایزنکۆت، سوپاسالارى پێشوو ڕکابەرى سەرەکین. ڕاپرسییەکان ئەوە دەردەخەن کە یەشار دەتوانێت ببێتە گەورەترین پارت لە ئیسرائیل، دوای ئەوەی لیکود بۆ چەندین ساڵ زاڵ بوو بەسەر دیمەنە سیاسییەکاندا، دەنگى هاوڵاتییە عەرەبەکانى ئیسرائیلیش یەکلاکەرەوەیە.
دەسەڵاتی یاسادانانی ئیسرائیل لە یەک ئەنجوومەن پێکدێت، کە ناوی کنێستە و 120 ئەندامی هەیە و بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
یاسای ئیسرائیل جەخت لەوە دەکاتەوە دەبێت هەڵبژاردنەکان "گشتی، نیشتمانی، ڕاستەوخۆ، یەکسان، نهێنی و ڕێژەیی" بن.
پەرلەمان دەکرێت پێشوەختە بە دەنگی زۆرینە هەڵبوەشێنرێتەوە، کە ئەمە دیاردەیەکی باوە لە ئیسرائیلدا.
لە بارودۆخی تایبەتدا، کنێست دەتوانێت بە دەنگی 80 ئەندام ماوەی کارکردنی لە چوار ساڵ زیاتر درێژ بکاتەوە.
تەواوی وڵاتەکە بە نزیکەی 3.7 ملیۆن دەنگدەرەوە، یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدەهێنێت.
لە دوایین هەڵبژاردندا لە تشرینی دووەمی 2022، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە زیاتر لە 70%.
دەنگدەران لە ڕێگەی لیستی بەربژێرانی پارتەکانەوە دەنگ بە بەربژێرانى پەرلەمان دەدەن و تەنیا دەتوانێت دەنگ بە یەک لیست بدات.
دەنگدان لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی ڕێژەییە، ژمارەی کورسییەکان بەگوێرەى ڕێژەی سەدی ئەو دەنگانە دابەش دەکرێت کە هەر لیستێک بەدەستی دەهێنێت.
هەر لیستێک بتوانێت بەربەستی 3.25%ـی دەنگەکان ببڕێت کە بەرامبەر چوار کورسییە، دەچێتە کنێستەوە.
بەربەستی 3.25% کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان هەیە، چونکە ئەو دەنگانەی کە دەدرێن بەو لیستانەی ناگەنە ئەو ڕێژەیە، هەژمار ناکرێن.
دواتر کورسییەکانی پەرلەمان بەگوێرەى ڕێژەی دەنگە ماوەکان دابەش دەکرێن، بۆ نموونە، ئەگەر پارتێک 20%ـی دەنگە ماوەکان بەدەستبهێنێت، %20ــى کورسییەکانی کنێست مسۆگەر دەکات.
بەڵام دابەشکردنی دەنگەکان بەسەر کورسییەکاندا بە تەواوی و یەکسانی دەرناچێت، بەڵکو بڕێک دەنگی زیادە و کورسی دابەشنەکراو دەمێننەوە.
پارتەکان دەتوانن ڕێککەوتن بکەن بۆ ئەوەی دەنگە زیادەکانیان کۆبکەنەوە تاوەکو بڕێک لەو کورسییە دابەشنەکراوانە مسۆگەر بکەن.
ژمارەی زۆری پارتەکان وا دەکات تەنیا یەک پارت بە سەربەخۆیی نەتوانێت زۆرینەی ڕەهای 61 کورسی کنێست بەدەستبهێنێت کە بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستە، هەربۆیە کاتێک دەنگەکان دەژمێردرێن، دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی دەستپێدەکەن.
سەرۆکی وڵات کە ئێستا ئیسحاق هێرزۆگە لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیارە لە ڕاسپاردنی سەرۆکی ئەو لیستەی زۆرترین چانسی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی هەیە، بەگوێرەى ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن پارتەکانەوە پێشکەش دەکرێن.

گادی ئایزنکۆت، تەمەن 66 ساڵ، کوڕی کۆچبەرانی مەغریبە و سوپاسالارى پێشووە، بە ڕکابەری سەرەکی نەتەنیاهوو دادەنرێت و ڕاپرسییەکانیش ئاماژە بە نزیکی ڕێژەی دەنگەکانیان دەکەن و لە هەندێکیشیاندا پێش نەتەنیاهوو کەوتووە.
ئەگەرچی ئایزنکۆت ئەزموونی سیاسی ڕکابەرەکەی نییە، بەڵام دوای لەدەستدانی کوڕەکەی و دوو لە برازاکانی لە شەڕی غەززەدا، هاوسۆزیی جەماوەری بەدەستهێناوە.
ئایزنکۆت بە میانڕەوی بەرەو ڕاستڕەو هەژمار دەکرێت، هەندێک هەڵوێستی ڕاگەیاندووە دەربارەی ململانێی ئیسرائیل و فەڵەستین کە درێژەپێدەری سیاسەتی حکومەتی ئێستایە، بۆ نموونە، ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە لە ماوەی 18 مانگدا لە ئەگەری هەڵبژاردنیدا.
لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی خۆی بۆ ئۆردوگا جوونشینەکان لە کەناری ڕۆژئاوا دەربڕیوە، بەڵام بەڵێنی داوە ڕێگری لەو نیشتەجێبووانە بکات کە پەلاماری فەڵەستینییەکانیان دەدەن.
ئایزنکۆت لە ساڵی 2024 لە کابینەی جەنگی نەتەنیاهوو دەستی کێشایەوە و بووە یەکێک لە ڕەخنەگرە توندەکانی شێوازی سەرکردایەتیی سەرۆکوەزیران.
لە ساڵی 2025ـدا پارتەکەی خۆی بە ناوی "یاشار" دامەزراند و ئەگەر سەرکەوتووبێت لە کۆکردنەوەی 61 کورسیی پەرلەمان لە دەوری خۆی، دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیران کە ڕەچەڵەکی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان باکووری ئەفریقا بگەڕێتەوە.

بێنێت سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل تەمەن 54 ساڵ، کە حکومەتەکەی تەنیا ساڵێکی خایاند، سەرکردایەتی پارتی "بەیاخاد"ـی میانڕەوی ڕاستڕەو دەکات کە لە پلەی سێیەمی ڕاپرسییەکاندایە لە دوای ئایزنکۆت و نەتەنیاهوو.
شیکەرەوانی ئیسرائیلی بۆچوونیان وایە ئەو دەتوانێت سەرنجی ئەو دەنگدەرە ڕاستڕەوانە ڕابکێشێت کە لە نەتەنیاهوو بێئومێد بوون، بەڵام نایانەوێت روو لە چەپڕەوەکان بکەن.
سەرەڕای ڕەخنە توندەکانی، بێنێت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریپێکردنی نەتەنیاهوو، لە حکومەتێکی هاوپەیمانیدا کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە سەرکردایەتی بکرێت.
لاپیدی تەمەن 62 ساڵ، ساڵانێک پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی دیاری وڵاتەکەی بوو، دوای دامەزراندنی پارتی میانڕەوی "یێش عەتید" لە ساڵی 2012ـدا، بە خێرایی بووە یەکێک لە ڕکابەرە سەرەکییەکانی نەتەنیاهوو.
لاپید وەکو وەزیری دارایی و وەزیری دەرەوە کاری کردووە و لە ساڵی 2022ـدا بۆ ماوەیەکی کورت وەکو سەرۆکوەزیران لە ڕێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ بێنێت کاری کردووە کە ئێستاش لەگەڵیدا هاوپەیمانە.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان لە ساڵی 1958 لە مۆڵدۆڤای سۆڤیەت لەدایکبووە، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆچی بۆ ئیسرائیل کردووە و کەسایەتییەکی دێرینی گۆڕەپانی سیاسییە، تێڕوانینێکی نەتەوەیی توندی بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەیە لە کاتێکدا عەلمانییەکی سەرسەختە.
لیبەرمان دامەزرێنەری پارتی" یسرائیل بەیتەینو"ـە، ئەو پێشتر هاوپەیمانێکی نزیکی نەتەنیاهوو بوو، بەڵام ئێستا بە بەردەوامی ڕەخنەی لێدەگرێت.
لیبەرمان یەکێکە لەو کەمینە سیاسییانەی کە سەرکردایەتیی سێ لە وەزارەتە سەرەکییەکانی ئیسرائیلی کردووە، دەرەوە، بەرگری و دارایی.
مەنسور عەباس، سەرکردەی پارتی عەرەبی-ئیسرائیلی، هەوڵدەدات کۆمەڵگەکەی کارا بکاتەوە کە 20٪ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن، بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی نەتەنیاهوو بۆ دەسەڵات.
پارتی "ڕەعام"ـی عەباس، لە ساڵی 2021ـدا، بووە یەکەم پارتی عەرەبی کە بەشداری لە حکومەتێکی ئیسرائیلدا بکات و دەکرێت دووبارە ببێتەوە بە کلیلێک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ڕازی بێت پشت بە پەرلەمانتارەکانی ببەستێت بۆ لادانی نەتەنیاهوو.
گۆلانی لیبراڵ، دوای ساڵانێک لە ڕۆیشتنی ئیسرائیل بەرەو ڕاستڕەوی، پارتی "دیموکراتەکان"ـی گۆلان نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە لە چەپی سەرەکی ماوەتەوە، لەنێویاندا پاشماوەی پارتی کار، کە بەبێ پچڕان لە سێ دەیەی یەکەمی دامەزراندنی وڵاتەکەدا، سەرکردایەتی ئیسرائیلی کرد.
گۆلان تاقە سەرکردەی سەرەکی سیاسی ئیسرائیلە کە بە روونی پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا دەکات.
هەروەها لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا لیبراڵە و داوای ڕێگەدان بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازان و کارکردنی گواستنەوەی گشتی لە ڕۆژی شەممەدا دەکات.
