
"لەچکەکەت لابە پاشان وەرە ناو پۆل"، ئەمە ئەو قسەیەیە کە چەند ڕۆژێکە بە قوتابییانى لەچک بەسەری ئازەربایجان دەگوترێت، پاش بڕیارێکی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی ناڕاستەوخۆی لەچک، کاردانەوە و ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە.
هەرزوو ڤیدیۆی قوتابییانی لەچک بەسەر و مامۆستایانی لەچک بەسەری ئازەربایجان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەوە، کاتێک بەدەم گریان و فرمێسک ڕشتنەوە لەبەردەم قوتابخانەکانیان وەستاون و ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکە دەردەبڕن.
لە ڤیدیۆکاندا قوتابییەکان توند باوەش دەکەن بە مامۆستاکانیاندا و نایانەوێت پۆلەکە بەجێبهێڵێت.
لە بەشێک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت تەنانەت ئەو قوتابیانەشی لەچک ناپۆشن، ئامادە نین بچنە ناوپۆلەوە بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوپۆلە لەچک بەسەرەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە دایک و باوکانیش هۆشدارییان داوە، ئەم ڕێگرییە بەردەوام بێت، ئامادەن ڕێگە لە کوڕەکانیشیان بگرن لە چوون بۆ قوتابخانە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئازەربایجان لە وەڵامى ناڕەزایەتییەکاندا گوتویەتى "ئەو پۆشاکانەی ڕەنگدانەوەی مێژوو، کولتوور و بەها نەتەوەییەکانی وڵاتەکەن، دەکرێت لە بۆنە تایبەتەکاندا بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی پەروەردەیی بپۆشرێن".

.jpg)

.jpg)
