پنتاگۆن: پاککردنەوەی گەرووی هوورمز لە مینی چێنراو شەش مانگ دەخایەنێت
بەگوێرەی هەواڵێکی واشنتن پۆست، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پێشبینی دەکات، پاککردنەوەی گەرووی هوورمز لە مینە چێنراوەکان، شەش مانگ دەخایەنێت.
ماوەی پاککردنەوەکە کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت دەبێت
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لە زاری سێ بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانی کۆنگرێس ئاگادارکراونەتەوە ڕەنگە ئێران 20 مین یان زیاتری لە گەرووی هوورمز و دەوروبەری چاندبێت، دەشڵێن، ئەو ماوەیەی کە پێشبینی کراوە بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکانی نەوت لە جیهاندا دەبێت.
بەشێکیان بە جی پی ئێس دانراون
هەندێک لە بەرپرسانی وەزارەتەکە بە ڕۆژنامەکەیان گوتووە، بەشێک لەو مینانە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای جی پی ئێس دانراون، ئەمەش وایکردووە دەستنیشانکردنیان قورستر بێت، هەندێکی دیکەشیان بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک دانراون، بەڵام گوتەبێژی پنتاگۆن بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو زانیارییانە دروست نین.
بوونی ناوچەی مەترسیدار
پێشتر سوپای پاسداران لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا هۆشداری دابوو لە بوونی ناوچەیەکی مەترسیدار کە ڕووبەرەکەی 1400 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە لە گەرووەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ زانیارییەکی متمانەپێکراو سەبارەت بە پرسی مینڕێژکردنی گەرووەکە، کە یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت نییە، هەر بۆیە کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی ناچارن بە وریاییەوە ڕێگەیەکی سەلامەت هەڵبژێرن.
هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، تاران هەموو مینە دەریاییەکانی لادەبات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێران ئەو زانیارییانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، ئەو وڵاتانەی بەشدار نین لەو ململانێیەدا، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاککردنەوەى گەرووی هوورمز لە ئەگەری ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
23/04/2026