کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جۆرج دەبلیو بووش گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کەناڵ8 24/04/2026
کەشتى فڕۆکەهەڵگری"یو ئێس ئێس جۆرج دەبلیو بووش"
کەشتى فڕۆکەهەڵگری"یو ئێس ئێس جۆرج دەبلیو بووش"

سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، کەشتى فڕۆکەهەڵگری"یو ئێس ئێس جۆرج دەبلیو بووش" گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەش ژمارەیان لەناوچەکەدا بۆ سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بەرز بووەوە.

ژمارەیەکى زۆر فڕۆکەى جەنگى لەسەر کەشتییەکەیە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، فڕۆکە هەڵگری جۆرج بووش لە زەریای هیندی لە چوارچێوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا هاتووچۆی دەریایی دەکات و لەگەڵ پۆستەکەشدا وێنەی کەشتییەکەی بڵاوکردووەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگی هەڵگرتووە.

گەمارۆى دەریایی بەردەوامە

سوپای ئەمریکا لە 13ـی نیسانەوە، گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران ئەوەش لە چوارچێوەی فشارەکانی ئیدارەی ترەمپدا دێت بۆ سەر ئابووریی ئێران بە ئامانجی سازشپێکردن و ئەنجامدانی ڕێککەوتن.

هەریەکە لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگرەکانی، جیراڵد فۆرد، ئەبراهام لینکۆڵن و ئێستاش جۆرج دەبلیوو بووش بەشداری لە سەپاندنی گەمارۆکەدا دەکەن، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا هێزەکانیان دەستیان بەسەر شەش کەشتیدا گرتووە کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێن و هەروەها ڕێگرییان لە تێپەڕینی دەیان کەشتیی دیکە کردووە و ناچاریانکردوون بگەڕێنەوە.

کەناڵ8

24/04/2026