
ئابووریی ئێران بەهۆی جەنگ و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە ڕووبەڕووی داڕمانێکی گەورە بووەتەوە و هەناردە و هاوردەی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی 90% پەکیکەوتووە.
سندوقی نێودەوڵەتی دراو ئاشکرای کرد، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 68.9%. ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بەهای تمەنی ئێرانی لە دوایین جەنگی نێوان تاران و واشنتۆن، نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تۆمار کردووە و فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بژێوی هاوڵاتییان.
بەپێی ئامارەکان، نرخی خۆراک تا مانگی شوباتی ڕابردوو بە ڕێژەی 105% و نرخی نان و دانەوێڵە بە ڕێژەی 140% بەرزبووەتەوە. ئەم دۆخە وایکردووە بانکەکانی ئێران گەورەترین دراو لە مێژووی خۆیاندا دەربکەن کە بەهای یەک ملیۆن تمەنە، تاوەکو بتوانن لەو ڕێگەیەوە خواستی نەختینەیی لە وڵاتەکەدا پڕ بکەنەوە.
دەزگای ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمیکس بڵاویکردەوە، گەمارۆدانی گەرووی هوورمز لەلایەن ئەمریکاوە و داخستنی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە، بووەتە هۆی لەدەستدانی 90%ـی بازرگانیی دەرەکیی ئەو وڵاتە. ئەم پەککەوتنە داهاتی هەناردەکردنی ئێرانی بە ڕێژەی 70% کەمکردووەتەوە و زیانی گەورەی بە ژێرخانی دارایی تاران گەیاندووە.
ئەم قەیرانە ئابوورییە پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 40 ڕۆژ بەسەر جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دێت. سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات لە 8ـی نیسانی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەکەی بە نادیاری ماوەتەوە و دیار نییە کە هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی یان گرژییە سەربازییەکان دووبارە دەستپێدەکەنەوە.





