
لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان دەرکرد و ڕایگەیاند، لە ئەمرۆوە ڕێکاری تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
لیژنەى ئەمنیی پارێزگاى هەڵەبجە بڕیاریدا بە قەدەغەکردنى هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکان لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا. بڕیارەکە لە ئەمرۆ دووشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە تایبەتی جەخت لە ناوەندی بازاڕی شارەکە کراوەتەوە کە ڕێگە بە هاتوچۆ یان ڕاگرتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە نادرێت.
لیژنەى ئەمنی داوا لە هاونیشتمانیان و خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلانە دەکات پابەندی بڕیارەکە بن. ئاماژە بەوەش کراوە، هەر ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلێکی بێسەرەتا لە شوێنە گشتییەکاندا ببینرێت، ڕاستەوخۆ دەستبەسەر دەکرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی تووند دەبێتەوە.
ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا بەو ئۆتۆمبێلانە دەگوترێت کە بەدەر لە مەرج و ڕێنماییە فەرمییەکان هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون و بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی هاتوچۆ تۆمار ناکرێن. هەروەها بڕیارەکە ماتۆڕسکیلە بێسەرەتاکانیش دەگرێتەوە کە بەهەر هۆیەک بێت تۆمار نەکراون و تابلۆیان نییە.


.jpg)