د.محەممەد عەبدولکازم: هەموو ئازارێکی لا تەنیشت نیشانەی گرفتی گورچیلە نییە!
بەشێک لە هاونیشتمانییان وا دادەنێن هەر کە ئازاری تەنیشتەکان (کەلەکە) یان هەبوو ئەوا گرفتێکی تەندروستیی گورچیلەیان هەیە، د.محەممەد عەبدولکازم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆکی پیاوان، لە چەند ڕێنماییەکدا ئەم بابەتە ڕوون دەکاتەوە.
هۆکارەکانی بوونی ئازاری تەنیشت(کەلەکە)

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت " بەردی گورچیلە هەمیشە ئازاری تەنیشت (کەلەکە) دروست دەکات، بەڵام بەڵام چەندین هۆکاری دیکە هەن دەبنەهۆی ئازاری تەنیشت''، لەوانە:
- گرژبوونی ماسولکە
- کێشەکانی بڕبڕەی پشت
- هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ
- هەوکردنی گورچیلە
چۆن بزانین ئازاری تەنیشت(کەلەکە) بەهۆی بوونی بەردی گورچیلەوەیە؟

پزیشکەکە دەڵێت " ئازاری بەردی گورچیلە زۆرجار زۆر توندە، وەک شەپۆل دێت و دەڕوات و لەوانەیە لە تەنیشتەکانەوە بەرەو ناوچەی ڕان و بنکڕک شۆڕ ببێتەوە، دەکرێت لەگەڵ دڵتێکەڵهاتن، ئارەقکردنەوە، و بێ تاقەتیدا سەرهەڵبدات" .
هەوکردن لە چ کاتێکدا دەبێتەهۆی دروستبوونی ئازاری لاتەنیشت(کەلەکە)؟

د.محەمەد دەڵێت " دەکرێت ئازاری پەیوەست بەهەوکردن لەگەڵ تا، لەرز و چەند نیشانەیەکی دیکەدا بێت''.
ئازاری ماسولکە لە چ کاتێکدا دەبێتەهۆی دروستبوونی ئازاری تەنیشت(کەلەکە)؟
پزیشکەکە دەڵێت " ئازاری ماسولکە زۆرجار بە جووڵە یان فشار خراپتر دەبێت".
" نابێت ئازار پشتگوێ بخرێت"

پزیشکەکە دەڵێت '' خاڵی گرنگ لە ئەم حاڵەتەدا تێگەیشتنە لە ئازارەکە و شێوازی سەرهەڵدان و بەدواداچوونی، ئەگەر ئازارەکە توند و بەردەوام بوو، یان لەگەڵ تا و ڕشانەوەدا بوو، پێویستی بە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و هەڵسەنگاندنی بەپەلە هەیە".
28/04/2026