
پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات، سەرۆکی ئەمریکا لە نێوان ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی نوێ و چاوەڕوانکردنی ئەنجامی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران گیریخواردووە و لە ناوخۆی ئیدارەکەشیدا کێشمەکێش لەسەر بڕیاری کۆتایی هەیە.
پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کاربەدەستانی واشنتن نیگەرانن لەوەی ململانێکانیان لەگەڵ ئێران بکەوێتە دۆخێکی چەقبەستووی "نە جەنگ و نە ئاشتی". لە ناوخۆی ئیدارەی ترەمپیشدا کێشمەکێش هەیە؛ ڕاوێژکارە باڵاکان پێیان باشە گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکان بەردەوام بن پێش ئەوەی پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و بۆردوومان ببرێت، لە بەرامبەردا کەسایەتیی وەک سیناتۆر لیندزی گراهام هانی ترەمپ دەدات بۆ هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆ.
ڕاوێژکارێکی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی ئەمریکا هەست بە بێزاری دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی واقیعییانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات و ئارەزووی بەکارهێنانی هێز ناکات، هەرچەندە پاشەکشەش لە جەنگەکە ناکات. بە بڕوای ترەمپ، سەرکردایەتیی ئێران تەنیا لە زمانی فشاری سەربازی تێدەگەن، بەڵام ئەو هێشتا لە نێوان دەستپێکردنی هێرش یان چاوەڕوانکردنی ئەنجامی گەمارۆ دەریاییەکاندا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
بەرپرسانی ئەمریکا بەو هیوایەن فشارە ئابوورییەکان و گەمارۆ دەریاییەکان ئێران ناچار بکات نەتوانێت نەوتی زیاتر کۆگا بکات. ئەم دۆخە تاران ناچار دەکات بیرە نەوتەکانی دابخات، کە ئەمەش زیانێکی کوشندە بە ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت. ئامانجی ئەم "ئەوپەڕی فشارە" ئەوەیە کە ئێران مەیلی گفتوگۆی ڕاستەقینەی بۆ دروست ببێت بۆ کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئێران پێشنیازی کردووە گەرووی هوورمز بکاتەوە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، بەڵام ترەمپ مەیلی بۆ قبوڵکردنی ئەم پێشنیازە نییە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە واشنتن پێیوایە ئەم هەنگاوە تەنیا کات کوشتنە و گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە دوا دەخات. لیندزی گراهام بە توندی داوای لە ترەمپ کردووە ئەم پێشنیازە ڕەت بکاتەوە تاوەکو چەقبەستوویی ئێستا بشکێنرێت.