د. ڕەوەند محەممەد: تای خوێنبەربوون پەتایەکی کوشندەیە و لە ڕێگەی ڤایرۆسێکەوە دەگوازرێتەوە

ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون
ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی مرۆژەڵییە، واتە لە ئاژەڵی تووشبوو بە نەخۆشییەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ئەگەر حاڵەتەکە چارەسەر نەکرێت دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی کەسەکە، د. ڕەوەند محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ھەناوی، دڵ و شەکرە، چۆنیەتی بڵابوونەوەی تای خوێنبەربوون و نیشانەکانی بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.

تای خوێنبەربوون چییە؟

تای خوێنبەربوون پەتایەکی کوشندەیە و لە ڕێگەی ڤایرۆسێکەوە دەگوازرێتەوە بەناوی (CCHF)

تای خوێنبەربوون چۆن دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؟

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ڕێگەی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاژەڵە شیردەر و ماڵییەکان و لەئەوانیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. بەرکەوتنی کەسەکە بە خوێن و شلەی جەستەی ئاژەڵی توشبوو یان مرۆڤی توشبوو دەبێتەھۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەسەکە.

نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون چین؟

  1. ماندوویی
  2. تای بەرز
  3. گرژبوونی ماسولکەکان
  4. سەرئێشە
  5. ڕشانەوە
  6. سکچوون
  7. ئازاری سک

هەنگاوە خۆپارێزییەکان بۆ تووشنەبوون بە تای خوێنبەربوون چین؟

  1. بەکارھێنانی دەستکێش و دەستشتن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشت و ئاژەڵاندا
  2. بەوریایی و بەکارهێنانی ڕێکارە خۆپارێزییەکان ئەو کەلوپەلانە پاکبکرێنەوە کە بەرکەوتنیان ھەبووە لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوودا
  3. لەناوبردنی پاشماوە ئاژەڵییەکان بە ڕێگەی تەندروست

چارەسەری تای خوێنبەربوون چییە؟

  1. تای خوێنبەربوون ھیچ چارەسەرێکی تایبەتی نییە
  2. ئازارشکێن و دژە ڤایرۆسەکان بەکاردەھێنرێن بۆ کەمکردنەوەی ماوەی سووڕی ڤایرۆسەکە لە جەستەی مرۆڤدا، ئەم دەرمانانە ڕۆڵی گرنگیان ھەیە لە کەمکردنەوەی ئەگەری گیانلەدەستدانی کەسەکە