گەرووی هورمز بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان؛ وردەکاریی مامەڵە نوێیەکەی تاران بۆ واشنتۆن
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ وردەکاریی پێشنیازێکی نوێی تاران بۆ واشنتن ئاشکرا دەکات، هاوکات کۆشکی سپی ڕایدەگەیەنێت کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هەموو ئامانجەکانی پێکاوە.
ناوەڕۆکی پێشنیازە نوێیەکەی ئێران
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، پێشنیازە نوێیەکەی ئێران پێکهاتووە لە کردنەوەی گەرووی هوورمز لە بەرامبەر وەرگرتنی گرەنتی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەناراوەکانیان. هەروەها تاران ئامادەیی نیشانداوە بۆ زیادکردنی بڕگەی تاوتوێکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەرامبەر بە سووککردنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە.
نزیکبوونەوە لە داواکارییەکانی واشنتن
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم پێشنیازە وادەکات ئێران هەنگاوێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا نزیک ببێتەوە. هەرچەندە ئەمجارەش پێشنیازەکە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام ئێران ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، بەو مەرجەی واشنتن مامەڵەیەکی کراوە لەگەڵ پێشنیازە نوێیەکەیاندا بکات.
هەڵسەنگاندنی کۆشکی سپی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە
کۆشکی سپی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ئێران لە ماوەی کەمتر لە 6 هەفتەدا هەموو ئامانجەکانی بەدەستهێناوە. جەختیش دەکەنەوە کە سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی لێدانی ورد، گەمارۆ دەریاییەکان و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانەوە، توانیویەتی توانای ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی پەکبخات.
دۆخی ئێستای توانای ئەتۆمی و ئابووریی ئێران
کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە ئێران چیدیکە ئەو خواستە ئەتۆمییەی نەماوە کە پێشتر هەیبوو. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان، ئابووریی ئێران بە تەواوی پەکیکەوتووە و تاران چیدیکە نابێتە سەرچاوەی هەڕەشەی ئەتۆمی بۆ سەر جیهان.
02/05/2026