سیپان حەمۆ: 4 لیوای هەسەدە تێکەڵی وەزارەتی بەرگریی کران
یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا وردەکاریی ڕێککەوتنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناو سوپای وڵاتەکە ئاشکرا دەکات و جەخت لە گەرەنتی کردنی مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە.
تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە
سیپان حەمۆ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند، پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لە ناو وەزارەتی بەرگریی دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا 4 لیوا بە فەرمی تێکەڵ کراون کە لە ناوچەکانی کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ و دێریک جێگیر کراون. ئامانجی ئەم هەنگاوە گەیشتنە بە سوپایەکی یەکگرتوو و کۆتاییهێنان بە دیاردەی گرووپایەتی.
چارەنووسی چەکدارانی عەفرین
سەبارەت بە دۆخی عەفرین، حەمۆ ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەو چەکدارانەی خەڵکی عەفرینن و پێشتر لە ڕیزەکانی هەسەدە بوون. بەپێی پلانەکە، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ناوچەکانی خۆیاندا تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکان ببن یان بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی مەدەنی.
دۆسیەی زیندانیان و شەهیدان
یاریدەدەری وەزیری بەرگری نیگەرانیی خۆی لە دواکەوتنی ئازادکردنی زیندانیانی هەسەدە لەلایەن حکومەتەوە دەبرێ و داوای کرد هەموویان بەبێ جیاوازی ئازاد بکرێن. هاوکات ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتن کراوە کوژراوان و بریندارانی شەڕی داعش وەک "شەهید و برینداری دەوڵەتی سووریا" بناسرێن و هەموو ماف و بەڵگەنامە فەرمییەکانیان بۆ دابین بکرێت.
چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا
حەمۆ ڕوونیکردەوە، ئەو شوێنانەی هێزە نێودەوڵەتییەکان و ئەمریکا لێیان کشاونەتەوە، ڕاستەوخۆ ڕادەستی سوپای سووریا دەکرێن و بۆ بەرژەوەندیی سەربازیی وڵات بەکاردەهێنرێنەوە. جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی ئێستای سووریا دوورکەوتنەوەیە لە ململانێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی سەقامگیریی سنوورەکانە.
مافە دەستوورییەکانی کورد
سیپان حەمۆ داوای لە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب کرد یەکگرتوو بن بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ. ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە مافی هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەت کورد لە دەستووری نوێی وڵاتدا جێگیر بکرێت، تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە تاکڕەوی و ستەمێکی نوێ لە داهاتوودا بگیرێت.
02/05/2026