
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کۆمپانیایەک مامەڵە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی وەک USDT و بازرگانیی فۆرێکس بکات، سزا دەدرێت، داواش لە هاونیشتمانییان دەکات، لەو جۆرە مامەڵەکردنە دوور بکەونەوە.
لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی، کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانییان بپارێزێت، هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکانی وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراق، مۆڵەتی فەرمیی نییە.
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری بە کۆمپانیاکان دەدات و دەڵێت، بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گرووپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
لە ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا داوا لە هاونیشتمانییان کراوە، بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان، لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە، هەر کەسێکیش مافێکی لای ئەو لایەنانەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.



