بۆچی حکومەتی هەرێم مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکانی بە "نایاسایی" ناساند؟

حکومەتی هەرێمی کوردستان کارکردن بە بەشێک لە دراوە دیجیتاڵییەکانی قەدەغەکرد
حکومەتی هەرێمی کوردستان کارکردن بە بەشێک لە دراوە دیجیتاڵییەکانی قەدەغەکرد

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمی و مەترسییە داراییەکان، مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان و فۆڕێکسی قەدەغە کرد و هاوکات لەسەر ئاستی جیهانیش وڵاتان بە شێوازی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە سەرمایەیە دەکەن.

بڕیاری قەدەغەکردن لە هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی هیچ کۆمپانیایەکی دراوە دیجیتاڵییەکان و فۆڕێکس مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ نییە، هەموو مامەڵەیەک بەو دراوانە قەدەغە دەکەن. پێشتر وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێگری لە ڕێکلامکردن بۆ ئەو کۆمپانیایانە لە میدیاکاندا کردبوو. هەروەها بانکی ناوەندیی عێراق چەندین جار هۆشداری داوە لە مەترسییەکانی ئەم دراوانە بەهۆی نەبوونی بنەمای یاسایی و متمانەی حکومی.

چەمک و تایبەتمەندییەکان

دراوی دیجیتاڵی جۆرێکە لە سەرمایەی مەجازی کە لە ڕووی فیزیکییەوە بوونی نییە و تەنیا لە شێوەی یەکە دیجیتاڵییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت. ئەم دراوانە لەسەر تەکنەلۆژیای بلۆکچەین و کریپتۆگرافی دامەزراون. تایبەتمەندی سەرەکییان لامەرکەزییە، بەو واتایەی بە پێچەوانەی دراوە تەقلیدییەکان، لە لایەن هیچ بانک و حکومەتێکەوە کۆنترۆڵ ناکرێن و دەسەڵاتێکی ناوەندییان نییە.

مێژووی سەرهەڵدانی بیتکۆین

خاڵی وەرچەرخانی ئەم دراوانە بۆ ساڵی 2008 دەگەڕێتەوە، کاتێک کەسێک یان گروپێکی نەناسراو بە ناوی "ساتۆشی ناکامۆتۆ" وەرەقەیەکی سپییان بۆ ناساندنی "بیتکۆین" بڵاوکردەوە. تێیدا بیرۆکەی دراوێکی دیجیتاڵی لەسەر بنەمای بلۆکچەین خستەڕوو. دواتر لە ساڵی 2009 بیتکۆین خرایە بازاڕەوە و لەسەر ئاستی جیهان بڵاوبووەوە.

وڵاتانی قەدەغەکەر لە جیهاندا

چەند وڵاتێک بەهۆی پاراستنی سەقامگیری دارایی و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، مامەڵەیان بەم دراوانە قەدەغە کردووە. چین توندترین ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر و هەموو جۆرە مامەڵە و ماینینگێکی قەدەغە کردووە. جگە لە چین، وڵاتانی وەک جەزائیر، بەنگلادیش، میسر، عێراق، قەتەر و مەغریب بە شێوەیەکی فەرمی مامەڵەکانیان سنووردار یان قەدەغە کردووە.

هۆکارەکانی قەدەغەکردن

چەند هۆکارێکی سەرەکی لە پشت قەدەغەکردنی ئەم دراوانەیە، لەوانە: مەترسی دارایی بەهۆی ناجێگیریی بەهاکەیان، ئەگەری بەکارهێنانیان بۆ سپیکردنەوەی پارە و چالاکییە نایاساییەکان، هەروەها نەبوونی سەرپەرشتی لە لایەن حکومەتەکان و بانکە ناوەندییەکانەوە.

یاساکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا

لەسەر ئاستی جیهان، زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دراوە دیجیتاڵییەکانیان قەدەغە نەکردووە، بەڵام یاسا و ڕێسای توندیان بۆ کۆنترۆڵکردنیان داناوە. دۆخی یاسایی ئەم دراوانە بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە و وڵاتان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی چوارچێوەی یاساییەوە ڕێکیان بخەن.